كاراتێی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌چنه‌ ڕوسیا و ڕكابه‌ری‌ پاڵه‌وانانی‌ جیهان ده‌كه‌ن


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

ئه‌رسه‌لان مورادی‌ ڕاهێنه‌ری‌ گشتی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ پاڵه‌وانانی‌ تیمه‌كه‌یانی‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ كراوه‌ی‌ ڕوسیا له‌ شاری‌ نۆڤۆ سبریسك به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ڕاگه‌یاند .

مورادی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌رواری‌ 16 ی‌ شوباتی‌ 2024 له‌ ولاَتی‌ ڕوسیاوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ به‌نده‌ وه‌ك ڕاهێنه‌ر و یاریزانێكی‌ پیشه‌گه‌رمان بانگێشتی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ كران كه‌ له‌ ولاَتی‌ ڕوسیا و له‌ شاری‌ نۆڤۆ سبریسك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و یه‌كێكه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ به‌هێزه‌ جیهانییه‌كان ئێمه‌ له‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئاست به‌رزی‌ كوڕه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌مان كه‌ به‌شداری‌ له‌ چه‌ندین كێبڕكێی‌ به‌هێزی‌ كراوه‌ له‌ ولاَتانی‌ فه‌ڕه‌نسا ، توركیا و قه‌ته‌ڕ و ئێران و ئازه‌ر باینجان و چه‌ندین ولاَتی‌ دیكه‌ كردووه‌ ( شڤان عوسمان ) مان ده‌ست نیشان كرد وه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ بانگێشت نامه‌كه‌مان پێگه‌یشت كه‌ تێچووی‌ ته‌واوی‌ له‌سه‌ر ولاَتی‌ ڕوسیا ده‌بێت به‌ گرنگمان زانی‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان حاكم مه‌حمود ئه‌حمه‌د مورادی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ و م ، شێرزاد محه‌مه‌د حه‌سه‌نی‌ سكرتێر ئه‌نجام بده‌ین كه‌ تیمه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌مان دیاری‌ كراوه‌ بۆ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كی‌ جیهانی‌ كراوه‌ .

ئه‌رسه‌لان ووتیشی‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ و سكرتێر ته‌واوی‌ پاڵپشتیان بۆ دووپات كردینه‌وه‌ و خۆش حاڵی‌ خۆیان نیشان دا كه‌ تیمه‌كه‌مان له‌و جۆره‌ ڕكابه‌ریانه‌دا به‌شداری‌ ده‌كه‌ن .

مورادی‌ زانیاری‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ به‌شداری‌ كردنیان به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت داو ووتی‌ ، به‌هۆی‌ به‌هێزی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ به‌ گرنگمان زانی‌ هه‌ردوو یاریزان ( ڕێباز حه‌كیم و بڕیار یوسف  ) له‌ تیمه‌كان زیاد بكه‌ین كه‌ خۆش به‌ختانه‌ ڕه‌زامه‌ندیمان بۆ وه‌رگرتن و ئه‌وانیش وه‌ك دوو یاریزانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن .

هه‌روه‌ك ناوبراو ووتی‌ ، له‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَتی‌ ڕوسیاوه‌ بانگێشت نامه‌ی‌ فه‌رمیمان به‌ده‌ست گه‌یشت و وه‌ له‌ به‌رواری‌ 24 ی‌ شوباتی‌ 2024 چاوپێكه‌وتنمان له‌ شاری‌ هه‌ولێر و له‌ نێو قونسوڵخانه‌ی‌ ڕوسیا ئه‌نجام دا و توانیمان ڤێزای‌ تیمه‌كه‌ وه‌ربگرین تا به‌شداری‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ به‌رواری‌   4 بۆ 7 ی‌ نیسانی‌ 2024  به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاری‌ تیمه‌كه‌یان ڕاهێنه‌ری‌ گشتی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ووتی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ ڕابردوو پێمان ڕاگه‌یه‌ندرا بۆ به‌شداریمان له‌و پاڵه‌وانێتیه‌ ئێمه‌ كه‌مپی‌ به‌رده‌وامان هه‌یه‌ و مه‌شقه‌كانمان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چڕ ئه‌نجام ده‌ده‌ین و له‌ ئێستاشدا له‌ كه‌مپی‌ دووه‌مداین و نۆ ڕۆژ پێش گه‌شته‌كه‌مان بۆ ولاَتی‌ ڕوسیا كه‌مپی‌ سێهه‌م و كۆتایی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین .

تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ له‌ چه‌ندان پاڵه‌وانێتی‌ ده‌ره‌كی‌ كردووه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ كاراتێی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان .

ئه‌رسه‌لان مورادی‌ خۆی‌ به‌ خۆش حاڵ زانی‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزانه‌یان له‌ به‌شی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان داوه‌ت نامه‌ی‌ فه‌رمی‌ چه‌ندین پاڵه‌وانێتی‌ ده‌ره‌كی‌ یان پێده‌كات و ئه‌وه‌ی‌ به‌ گرنگ زانی‌ بۆ به‌ره‌و پێشچوونی‌ یاری‌ كاراتێ‌ و یاریزانانی‌ ئه‌و یاریه‌ له‌ نێو یانه‌كه‌یان و ته‌واوی‌ كوردستان و عێراق دا چونكه‌ جگه‌له‌ سود گه‌یاندن به‌ پێكهاته‌ی‌ تیمه‌كه‌یان له‌سه‌ر داواكاری‌ خۆی‌ ( مه‌به‌ست فایه‌ق ) ی‌ یاریزانی‌ به‌ توانانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كاراتێی‌ عێراق و یه‌كێك له‌ ڕاهێنه‌رانی‌ هۆڵی‌ كاراتێی‌ گۆیژه‌ یان بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ له‌ ولاَتی‌ ڕوسیا تۆمار كردووه‌ و هاوشاندی‌ تیمه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شدار ده‌بێت .

ڕاهێنه‌ری‌ گشتی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ ووتیشی‌ ، سوپاسی‌ زۆرمان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێز جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌كه‌مان و ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ كه‌ هه‌ردوو یاریزان ، ڕێباز حه‌كیم و بڕیار یوسف له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ یانه‌ به‌شداری‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا ده‌كه‌ن وه‌ به‌نده‌ وه‌ك ڕاهێنه‌ر و شڤان عوسمان له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ ولاَتی‌ ڕوسیا به‌شدارین .

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ یارییه‌كانی‌ مورادی‌ زانیاری‌ زیاتری‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت داو ووتی‌ ، له‌ دووه‌م ڕۆژی‌ یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا یاریه‌كانی‌ كێش ئه‌نجام ده‌درێن و هه‌ر چوار یاریزانی‌ ئێمه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن .

شڤان عوسمان له‌ كێشی‌ + 84 كغم 

مه‌به‌ست فایه‌ق له‌ كێشی‌ - 84 كغم

ڕێباز حه‌كیم له‌ كێشی‌ - 60 كغم 

بڕیار یوسف له‌ كێشی‌ - 67 كغم 

وه‌ له‌ ڕۆژی‌ سێهه‌می‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌شدا شڤان عوسمان یاریزانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق و كاپتنی‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ كاپتنی‌ تیمه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ نوێنه‌رمان ده‌بێت و به‌شداری‌ پاڵه‌وانێتی‌ كراوه‌ی‌ جیهانی‌ ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ر ولاَتێك یه‌ك یاریزان به‌شداری‌ ده‌كات و یه‌كێك ده‌بێت له‌ پڕ ڕكابه‌ری‌ ترینه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ كراوه‌ی‌ ولاَتی‌ ڕوسیا .

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ كاراتێی‌ عێراق پاڵپشتی‌ بۆ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ و پیرۆزبایی‌ لێكردن بۆ به‌شداریان له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا .


له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا د ، عادل عیدان سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ كاراتێی‌ عێراق به‌ ئه‌رسه‌لان مورادی‌ ڕاهێنه‌ری‌ گشتی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ڕاگه‌یاند كه‌ خۆش حاڵن تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕكابه‌رییه‌كی‌ وا به‌هێزدا به‌شداری‌ ده‌كه‌ن و هه‌موو پاڵپشتییه‌كی‌ یه‌كێتیه‌كه‌یانی‌ بۆ دووپات كردنه‌وه‌ و هه‌روه‌ك هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ شێره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق خواست .



PM:10:03:26/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 6616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌