به‌ بردنه‌وه‌ی‌ له‌ نه‌فت به‌سره‌ لاوه‌ پێشمه‌رگه‌كان گه‌یشتنه‌ قۆناغی‌ چوار گۆشه‌ی‌ زێڕین


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د
 
یه‌ك هه‌نگاوی‌ دیكه‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته‌ كۆتا یاری‌ خولی‌ لاوانی‌ ئه‌ستێره‌كانی‌ عێراق

له‌سه‌ر یاریگه‌كه‌ی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ ، تیمی‌ تۆپی‌ پێی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ یاری‌ قۆناغی‌ هه‌شتی‌ میوانداری‌ له‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ نه‌فت به‌سره‌ كرد .

له‌و یاریه‌دا كه‌ كاتژمێر 5:00 ی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ 18 ی‌ ته‌مووزی‌ 2024 به‌ڕێوه‌ چوو تێیداو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ كوڕانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ ئاستێكی‌ به‌رز بینران و له‌گه‌ڵ له‌ده‌ست دانی‌ چه‌ند هه‌لێكی‌ گۆڵ تۆمار كردن هه‌وڵه‌كانیان زیاتر چڕ ده‌كرده‌وه‌ تا به‌ بێ‌ ئه‌نجام یاریگه‌ جێنه‌هێڵن ، ئه‌مه‌و له‌ خوله‌كی‌ 44 ی‌ كۆتایی‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌مدا هێدی‌ سه‌ردار توانی‌ به‌ ئاراسته‌ كردنی‌ تۆپێكی‌ سه‌رنج ڕاكێش گۆڵی‌ یه‌كه‌م و پێشكه‌وتن بۆ هاوڕێكانی‌ و یانه‌كه‌ی‌ تۆمار بكات و ئه‌نجامی‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ یاری‌ نێوان لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ و نه‌فت به‌سره‌ به‌ گۆڵێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌كان كۆتایی‌ هات .

نیوه‌ی‌ دووه‌م جیاواز بوو به‌و پێگه‌یه‌ی‌ لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاستێكی‌ به‌رز تریان پیشان داو له‌ خوله‌كی‌ 51 سامی‌ سه‌عید دووه‌م گۆڵی‌ تۆمار كرد و پاش ئه‌و گۆڵه‌ش لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌و ئه‌نجامه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و له‌ خوله‌كی‌ 57 هێدی‌ سه‌ردار توانی‌ دووه‌م گۆڵی‌ خۆی‌ و سێهه‌م گۆڵی‌ تیمی‌ لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ تۆمار بكات ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو تیم له‌ دوای‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ 10 یاریزانه‌وه‌ یاریان كرد به‌هۆی‌ وه‌رگرتنی‌ كارتی‌ سور بۆ یاریزانیان به‌لاَم یانه‌ی‌ نه‌فت به‌سره‌ی‌ میوان توانیان دوو گۆڵ تۆمار بكه‌ن و ئه‌نجامی‌ كۆتایش به‌ 3-2 گۆڵ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ شاری‌ ڕۆشنبیران كۆتایی‌ هات و به‌وه‌ش پێشمه‌رگه‌ توانی‌ بگاته‌ یاری‌ قۆناغی‌ چوار گۆشه‌ی‌ زێڕین كه‌ بڕیاره‌ ئه‌و یاریه‌ له‌ ڕۆژی‌ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی‌ 20 ی‌ ته‌مووزی‌ 2024 و له‌سه‌ر یاریگه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و تێیداو پێشمه‌رگه‌كان ڕووبه‌ڕوی‌ یانه‌ی‌ نه‌جه‌ف ده‌بنه‌وه‌ .



PM:09:37:18/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌