پێشمه‌رگه‌كان نازناوی‌ خولی‌ لاوانی‌ پیشه‌گه‌رانی‌ عێراق یان برده‌وه‌


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

له‌ نێو قوڕگی‌ شێردا و له‌ دوای‌ ڕكابه‌رییه‌كی‌ سه‌خت له‌ خولی‌ لاوانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق دواجار و له‌ نێو هانده‌ران و یاریگه‌كه‌ی‌ دا لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سلێمانی‌ توانیان قه‌ڵغانی‌ وه‌رزی‌ 2023 - 2024 ی‌ خولی‌ ئه‌ستێره‌كانی‌ عێراق به‌ده‌ست بهێنن .

له‌و یارییه‌دا كه‌ له‌ كاتژمێر 5:00 ی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ سێ‌ شه‌ممه‌ 23 ی‌ ته‌مووزی‌ 2024 و له‌سه‌ر یاریگه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ و به‌ ئاماده‌بوونی‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ و عه‌لی‌ جه‌بار جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ تۆپی‌ پێی‌ عێراق و به‌رپرسانی‌ وه‌رزشی‌ و هانده‌رێكی‌ به‌رچاو به‌رێوه‌ چوو دوایی‌ یه‌كسان بوونی‌ هه‌ردوو تیمی‌ لاوانی‌ پێشمه‌رگه‌ و زه‌ورا به‌ گۆڵێك له‌ كاتی‌ یاسایی‌ یاریه‌كه‌دا دواجار كوڕه‌ پێشمه‌رگه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌كان توانیان به‌ ئه‌نجامی‌ 3-1 گۆڵ و به‌ لێدانی‌ په‌نالتی‌ بردنه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنن و نازناوی‌ خوله‌كه‌ و قه‌ڵغانی‌ یه‌كه‌می‌ یان هێنایه‌وه‌ بۆ یانه‌كه‌یان و شاری‌ سلێمانی‌ و كوردستان .

له‌ سه‌ره‌تایی‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ یارییه‌كه‌وه‌ هه‌ردوو تیم به‌ یه‌ك ئاست بینران و تا له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ئه‌و نیوه‌یه‌دا و به‌هۆی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ كارتی‌ سور به‌ ڕوویدا ناوبژیوان یاریزانێكی‌ هێڵی‌ ناوه‌ندی‌ تیمی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دوو خسته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ تیمه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ 10 یاریزانه‌وه‌ یاری‌ كرد به‌لاَم توانی‌ به‌رگری‌ له‌ تۆڕی‌ گۆڵی‌ گۆڵپارێزه‌كه‌ی‌ بكات و به‌ خاوێنی‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌میان به‌ كۆتاهێنا .

ئه‌مه‌و له‌ نیوه‌ی‌ دووه‌م له‌گه‌ڵ تۆماركردنی‌ گۆڵێك له‌لایه‌ن یاریزانانی‌ زه‌وراوه‌ به‌لاَم پلانه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌رسه‌لان جه‌لالی‌ ڕاهێنه‌ری‌ پێشمه‌رگه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی‌ توانی‌ سه‌ركه‌وتووبێت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ خوله‌كی‌ 90 ی‌ كۆتایی‌ یارییه‌كه‌دا سامی‌ سه‌عیدی‌ پاڵه‌وان به‌ ئاراسته‌ كردنی‌ تۆپێك بۆ به‌هێز یوسف و لێدانێكی‌ هونه‌ری‌ ئه‌و یاریزانه‌ گۆڵی‌ یه‌كه‌م و یه‌كسان كردنه‌وه‌ی‌ تیمه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ تۆمار كرد .

پاش ئه‌وه‌ی‌ كوڕانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان یه‌كسان كرده‌وه‌ و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ كۆتایی‌ ناوبژیوان په‌نای‌ برده‌ به‌ر لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان و پێشمه‌رگه‌كان توانیان به‌ ئه‌نجامی‌ 3-1 گۆڵ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و نازناوی‌ خولی‌ ئه‌ستێره‌كانی‌ عێراق یان بۆ خۆیان و شاری‌ سلێمانی‌ و هانده‌رانیان و ته‌واوی‌ كوردستان  به‌ده‌ست هێنا .



PM:10:25:23/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌