هه‌ریاد هه‌ردی‌ ده‌چێته‌ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ ولاَتانی‌ ئاسیا له‌ ولاَتی‌ فلپین


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

دوایی‌ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانی‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ یانه‌كانی‌ عێراق هه‌ریاد هه‌ردی‌ یاریزانی‌ تازه‌ه‌پێگه‌یشتووی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ توانی‌ بگاته‌ ڕیزی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق و به‌شداری‌ ده‌كات له‌ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ ولاَتانی‌ ئاسیا .

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری‌ یاریزانه‌كه‌یان توانا سه‌عید كارگێڕی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، سالاَنه‌ یه‌كێتی‌ كاراتێی‌ عێراق پالاَوتن بۆ یاریزانانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق ئه‌نجام ده‌دات و له‌م ساڵ و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ یاریزانانمان به‌شداریان له‌و پالاَوتنه‌دا كرد خۆش به‌ختانه‌ یه‌كێك له‌ پاڵه‌وانانی‌ تیمه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی‌ تازه‌پێگه‌یشتوان توانی‌ بگاته‌ ڕیزی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق كه‌ ئه‌و یاریزانه‌مان هه‌ریاد هه‌ردی‌ پاڵه‌وانه‌ و له‌ نێو پێنج یاریزانی‌ خاوه‌ن پله‌ی‌ یه‌كه‌م توانی‌ به‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق دیاری‌ بكرێت و ئه‌و به‌ ئالاَی‌ نیشتیمانه‌وه‌ به‌شدار بێت .

هه‌روه‌ك توانا ئاماژه‌ی‌ پێكرد كه‌ هه‌ریاد هه‌ردی‌ بۆ ته‌مه‌ن 16 و 17 ساڵ واته‌ له‌ ئاستی‌ تازه‌پێگه‌یشتوان به‌شداری‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌كات و له‌ كێشی‌ -68 كغم به‌شداری‌ له‌ ڕكابه‌رییه‌كانی‌ ده‌كات وه‌ك یاریزانێكی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق .

جێگه‌ی‌ باسه‌ بڕیاره‌ یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ ولاَتانی‌ ئاسیا له‌ به‌رواری‌ 22 ی‌ ئایی‌ 2024 و له‌ ولاَتی‌ فلپین یارییه‌كانی‌ ده‌ست پێبكات .


PM:10:19:04/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 2468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌