پێشمه‌رگه‌ میوانداری‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ یارییه‌كانی‌ خولی‌ نایابی‌ باله‌ی‌ یانه‌كانی‌ عێراق كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌م ده‌كات


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

ڕێبوار نوری‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باله‌ی‌ عێراق زانیاری‌ ته‌واو له‌ سه‌ر خولی‌ نایابی‌ باله‌ی‌ یانه‌كانی‌ عێراق بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ئاشكرا ده‌كات .

پاش كۆبونه‌وه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باله‌ی‌ عێراق كه‌ له‌ شاری‌ به‌غداد به‌ڕێوه‌ چوو ، شێوازی‌ به‌ڕێوه‌ چوونی‌ یارییه‌كانی‌ وه‌رزی‌ 2024 - 2025 ی‌ خوله‌كه‌ دیاری‌ كرا .

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجام دانی‌ یارییه‌كان ڕێبوار نوری‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باله‌ی‌ عێراق تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت زانیاری‌ زیاتری‌ پێداین و ووتی‌ ، له‌م وه‌رزه‌دا پلانه‌كان بۆ بره‌ودان و به‌ره‌و پێشچوونی‌ یاری‌ باله‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه‌ ده‌بێته‌ پلانی‌ درێژخایه‌نی‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق .

هه‌روه‌ك ناوبراو ئاماژه‌ی‌ پێدا كه‌ له‌ به‌رواری‌ 7 تا 11 ی‌ مانگی‌ 12 ی‌ 2024 یارییه‌كانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌نجام ده‌درێت و شاری‌ سلێمانی‌ و یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ میوانداری‌ یارییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ده‌بن .

تیمی‌ باله‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌م یاری‌ ده‌كات .

نوری‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد كه‌ 13 یانه‌ به‌شداره‌ و یانه‌كان دابه‌شی‌ سه‌ر سێ‌ كۆمه‌ڵه‌ كراون كه‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ یه‌كه‌م و سێهه‌م له‌ 4 تیم پێك دێن و كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌م له‌ پێنج تیم پێك دێت كه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا پێشمه‌رگه‌ سه‌ركرده‌یه‌ و میوانداره‌ له‌ نێو هۆڵه‌ ڕه‌نگینه‌كه‌یدا و یارییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ يه‌كه‌میش له‌ نێو هۆڵی‌ كوفه‌ له‌ شاری‌ نه‌جه‌ف ئه‌نجام ده‌درێن و هه‌رچی‌ یارییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵًه‌ی‌ سێهه‌م ده‌بێت له‌ شاری‌ به‌غداد و له‌ نێو هۆڵی‌ سه‌ناعه‌ یه‌ .

هه‌روه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق ووتی‌ ، له‌ پاش ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ و له‌ هه‌مان مانگدا كۆبونه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و دواتر و له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك 2 تیم ده‌گاته‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ داهاتوو كه‌ ژماره‌یان ده‌بێته‌ 6 تیم وه‌ بۆ ته‌واوكاری‌ ئه‌و 8 تیمه‌ی‌ بڕیاری‌ لێدراوه‌ سێ‌ یانه‌ی‌ خاوه‌ن پله‌كانی‌ سێهه‌می‌ ڕیزبه‌ندی‌ هه‌ر سێ‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ خولێكی‌ سێ‌ ڕۆژه‌ به‌ یه‌ك ده‌گه‌یه‌نین و دوو تیمیان ده‌گه‌یه‌نینه‌ لای‌ ئه‌و شه‌ش تیمه‌ی‌ سه‌ركه‌وتوون و ژماره‌یان ده‌بێته‌ 8 یانه‌ و تیم .

ڕێبوار نوری‌ ووتیشی‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ هه‌شت تیمی‌ به‌ شێوازی‌ چوون و هاتن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت واته‌ تیمه‌كان له‌م وه‌رزه‌دا زۆرترین یاری‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ش بۆ به‌هێزتر یوونی‌ یاری‌ باله‌یه‌ له‌ ته‌واوی‌ یانه‌كان و دروست بوونی‌ پێگه‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ یارییه‌كه‌یه‌ له‌ ولاَتدا .

سه‌باره‌ت به‌ یاریزانی‌ پیشه‌گه‌ر جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ باله‌ی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هه‌ر تیمێك ده‌توانێت به‌ 2 پیشه‌گه‌ر به‌شداری‌ بكات كه‌ یه‌ك یاریزانی‌ به‌ سه‌ره‌كی‌ یاری‌ ده‌كات و یه‌ك یاریزانی‌ یه‌ده‌گ ده‌بێت جگه‌له‌وه‌ی‌ ده‌بێت یانه‌كان یاریزانی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵ واته‌ تازه‌پێگه‌یشتوو له‌ خوله‌كه‌ و یارییه‌كان به‌شداری‌ پێبكه‌ن .


PM:10:27:01/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 1204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌