پێشمه‌رگه سپۆرت - میران محه‌مه‌د
جه‌وله‌ی ده‌ی یارییه‌كانی خولی نایابی یانه‌كانی عێراق به كۆتاهاتن و له به‌هێزترین و پڕ ڕكابهرترین یاری ئه‌و جه‌وله‌یه كوڕانی پێشمه‌رگه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌كه‌یان و له شاری به‌غداد بونه میوانی یانه‌ی مه‌صافی .
له‌و یارییه‌دا كه له كاتژمێر 2:00 ی پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه 5 ی 1 ی 2025 و له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی مه‌صافی به‌ڕێوه چوو ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یاریزانانی هه‌ردوو تیم به گڕوتینێكی به‌هێزه‌وه هاتنه نێو یاریگه و له كه‌شی گه‌رمی یارییه‌كه‌یاندا و له هێرشه چڕه‌كانی یاریزانانیان بۆ به‌ده‌ست هێنانی سێ خاڵی یارییه‌كه تا ده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو تا له خوله‌كی 22 یاریزان ئاریان جه‌وهه‌ر به‌هۆی وه‌رگرتنی كارتی سور له یاریگه دورخرایه‌وه و پێكهاته‌ی پێشمه‌رگه بووه 10 یاریزان ، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره یاریزانه‌ی پێشمه‌رگه‌كان به وره‌یه‌كی پۆلاَینهوه یاریان كردوو ئه‌نجامی گێمی یه‌كه‌میان به بێ گۆڵ كۆتایی پێهێنان .
له دوای گۆڕانكاری له‌لایه‌ن ڕێباز سدیق ی ڕاهێنه‌ری پێشمه‌رگه له یارییه‌كه‌دا و پێدانی متمانه به یاریزانانی تیمه‌كه‌ی پێشمه‌رگه و له خوله‌كی 53 ی ئه‌و گێمه‌دا یاریزان ، ئیبراهیم سه‌باح به لێدانێكی سه‌ر توانی گۆڵی یه‌كه‌م و پێشكه‌وتن بۆ تیمه‌كه‌ی پێشمه‌رگه تۆمار بكات ، پاشان و هه‌مان یاریزان لێدانێكی توندی له ده‌ست دا له هێرشێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌دا و دواتر و له خوله‌كی 79 یاریزان نه‌جمه‌دین عوسمان توانی دووه‌م گۆڵی پێشمه‌رگه تۆمار بكات ، هه‌رچی له خوله‌كی 82 بوو یانه‌ی مه‌صافی گۆڵی یه‌كه‌می خۆی تۆمار كرد و له خوله‌كی 88 دووباره یاریزانێكی دیكه‌ی پێشمه‌رگه به به‌رز كردنه‌وه‌ی كارتی سور به ڕووی دا دورخرایه‌وه بهلاَم پێشمه‌رگه سوور بوو له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان و له‌گه‌ڵ به كۆتاهاتنی كاتی یاسایی یارییه‌كه و زیاتكردنی 7 خولهك له‌لایه‌ن ناوبژیوان دووباره یاریزانانی پێشمه‌رگه هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن توانیان پارێزگاری له‌و ئه‌نجامه‌یان بكه‌ن و به سێ خاڵی زێڕینه‌وه یاریگه‌كه‌ی یانه‌ی مه‌صافی یان له شاری به‌غداد به‌ره‌و شاری سلێمانی به‌جێهێشت .
به‌و سه‌ركه‌وتنه‌شیان پێشمه‌رگه كۆی خاڵه‌كانیان بۆ 16 خاڵ له ده یاریدا به‌رز كرده‌وه و له پله‌ی حه‌وته‌می ڕیزبه‌ندی خۆیان گه‌یانده پله‌ی پێنجه‌م و له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ئه‌مانه به‌غداد و ناصریه به هه‌مان خاڵ یه‌كسانن كه ئه‌و دوو یانه‌یه له پله‌كانی سێهه‌م و چواره‌می ڕیزبه‌ندی دێن .