داریۆ نامۆ جه‌نگاوه‌رێكی پۆڵاینی قه‌ڵادزێی له‌ خولی نایابی فینله‌ندا



دیداری تایبه‌ت/ سان سه‌نگه‌ر

ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانی كورد له‌ فینله‌ندا، به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی هه‌یه‌تی، به‌هۆی سیفات و خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی پۆڵاین ده‌جه‌نگێت و به‌رگریی ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌هۆی لێهاتوویی و ئه‌و توانا له‌ راده‌به‌ده‌ره‌ی هه‌یه‌تی و له‌نێو لاكێشه‌ی سه‌وزدا پێشكه‌شی ده‌كات، توانیویه‌تی له‌نێو تۆپی پێی فینله‌ندا به‌زوویی و پێشوه‌خته‌ پێگه‌یه‌كی به‌رز بۆخۆی داگیربكات كه‌ ئه‌ویش یاریكردنه‌ شانبه‌شانی گه‌وره‌كان.

ئه‌و یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌ كورده‌ قه‌ڵادزییه‌ ته‌مه‌ن 18 ساڵه‌، (داریۆ نامۆ)یه‌ و ئێستا له‌ لوتكه‌ی تۆپی پێی فینله‌ندا له‌گه‌ڵ یانه‌ی هۆنكا له‌ خولی نایاب ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كێكه‌ له‌ به‌رگریكاره‌ لێهاتووه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵانیش.

توانیمان (داریۆ نامۆ) به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ چه‌ند پرسیارێك بیدوێنین و ژیانی وه‌رزشی و به‌شداری ده‌ستكه‌وته‌كانی لێره‌دا بخه‌ینه‌ڕوو:-

*ئایا حه‌ز ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژارده‌ی فینله‌ندا یان عێراق یاری بكه‌ن؟

-داریۆ نامۆ: حه‌زم لێیه‌ بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ یاری بكه‌م، ئه‌مه‌ش بارودۆخ و ئاینده‌ دیاری ده‌كات.

*له‌ ژیانی پیشه‌گه‌ریتدا بۆندی هیچ یانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا-ت پێشكه‌ش كراوه‌؟

-داریۆ نامۆ: به‌ڵێ بێگومان، تا ئێستا بۆندی 3 تا 4 یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپیم پێگه‌یشتووه‌، جارێ له‌ گفتوگۆداین، ئه‌وه‌ی بۆمن گونجاو بوو ئه‌و هه‌ڵده‌بژێرم. 

*خۆتان حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ چ خولێك یان له‌ چ یانه‌یه‌ك یاری بكه‌ن؟

-داریۆ نامۆ: سه‌رسامم به‌ یانه‌ی لیڤه‌رپولی ئینگلیزی و زیاتریش حه‌ز ده‌كه‌م له‌ خولی ئینگلیزی یاری بكه‌م، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خوله‌ به‌هێزه‌كانی فوتبۆڵ له‌ جیهاندا.  

*ئێوه‌ به‌ چ یاریزانێكی جیهانی سه‌رسامن و كاریگه‌ریی كامه‌ یاریزانتان له‌سه‌ره‌؟

-داریۆ نامۆ: من سه‌رسامم به‌ لیۆ میسی ئه‌رژه‌نتینی، به‌ڵام له‌ یاریكردندا كاریگه‌ریی هیچ یاریزانێكی ناوخۆیی و بیانیم له‌سه‌ر نییه‌ و هه‌میشه‌ ویستوومه‌ به‌ شێوازی خۆم یاری بكه‌م و ده‌ربكه‌وم و جۆرێك یاری و جوڵه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆم پیشان بده‌م.

*ئێوه‌ تا چه‌ند ئاشنای كلتور و زمان و سروشتی كورد و كوردستانن و ئایا هیچ كاتێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان و قه‌ڵادزێ؟

-داریۆ نامۆ: ساڵی 2014 بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ باوكم گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌ڵێ چووم بۆ قه‌ڵادزێ و ناوچه‌ی پشده‌ر و بناری قه‌ندیل و ئاشنای سروشتی جوان و ره‌نگینی كوردستانم، شاره‌زایم باشه‌ له‌ نووسین و فێربوونی زمانی كوردی، ئه‌وكاته‌ی گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كوردستان له‌ شاری سلێمانی چوومه‌ یانه‌ی نه‌ورۆز و له‌وێ مه‌شق و راهێنانم ده‌كرد تا پارێزگاریی له‌ ئاستی خۆم بكه‌م.

*بیۆگرافیا:

-ناو: داریۆ رزگار نامۆ.
-ناسراوه‌ به‌ (داریۆ نامۆ).
-ساڵڕۆژی له‌ دایكبوون: 14-5-2005.
-شوێنی له‌ دایكبوون: شاری هێلسنکی/ فینله‌ندا.
-باوكی خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ و دایكی خه‌ڵكی فینله‌ندا-یه‌. 
-شوێنی نیشته‌جێبوون: شاری هێلسنکی/ فینله‌ندا.
-ره‌گه‌زنامه‌ی فینله‌ندی هه‌یه‌.
-باڵا: 176 سانتیمه‌تر.
-كێش: 73 كیلۆگرام.
-یانه‌: هۆنكا/ فینله‌ندا.
-ژماره‌ی درێس: 26.
-هێڵی یاریكردن: به‌رگری.
-شوێنی یاریكردن: لای راستی پشته‌وه‌+هه‌ردوو باڵی راست و چه‌پ.
-ده‌ستپێكی یاری: له‌ته‌مه‌نی 5 ساڵییه‌وه‌ واتا له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ تائێستا به‌ به‌رده‌وامی یاری ده‌كات. 
-هه‌ڵبژارده‌: لاوانی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ.
-ژماره‌ی درێس: 2.
-ده‌توانێت و له‌ پێگه‌ و پۆستی جیاواز یاری بكات.
-بریكاری یاریزان: رزگار نامۆ ( باوك).
-ئیمه‌یل: rizgar.naamo@gmail.com
-ژماره‌ی مۆبایل: 00358503465171
*ژیانی وەرزشی له‌گه‌ڵ یانەکان:
-ساڵانی 2009 تا 2010: یانه‌ی تیپس (TiPS).
-ساڵانی 2011 تا 2018: یانه‌ی کاپا 05 یۆنایتد (Käpa 05 United).
-له‌ ساڵی 2018ه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئه‌كادیمیای یانه‌ی هۆنكا (Honka Akatemia ) و به‌ تیمه‌كانی ئاستی ته‌مه‌نی یانه‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت تا له‌ رۆژی 1-6-2022 ده‌گاته‌ تیمی یه‌كه‌م/ پێشكه‌وتووانی یانه‌كه‌.
*به‌شداری و ئه‌نجامه‌كانی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان:
-ساڵی 2016: جامی کوفمان و پارنه‌ر له‌ وڵاتی ئەڵمانیا.
-ساڵی 2017: جامی ئایكۆ له‌ وڵاتی سوید.
-ساڵی 2017: پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی تار له‌ شاری بەرشەلۆنە/ ئیسپانیا.
-ساڵی 2017: چالێنجی مۆندیال له‌ وڵاتی فەرەنسا.
-ساڵی 2017: جامی ستۆکهۆڵم له‌ وڵاتی سوید.
-ساڵی 2019: پاڵەوانێتی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدان له‌گه‌ڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 15 ساڵان به‌ درێسی ژمارە (13) بەرامبەر به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی (ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال) یاریکردووه‌.
-ساڵی 2021: به‌شداری خولی نایابی فینله‌ندا-ی له‌سه‌ر ئاستی بێچووه‌شێرانی یانه‌كان كردووه‌.
-ساڵی 2021 له‌گه‌ڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵان به‌شداری دوو كه‌مپی ئاماده‌كاریی و یارییه‌كانی پاڵاوتنی پاڵه‌وانیتی یۆرۆی خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵی كردووه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی (سویسرا، بۆسنه‌ و هێرزه‌گۆڤینا، جه‌به‌لتاریق) یاری كردووه‌. 

-ساڵی 2021 له‌گه‌ڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵان به‌شداری دوو یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاریی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا كردووه‌ له‌گه‌ڵ 3 یاری پاڵاوتنی پاڵه‌وانیتی یۆرۆی خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵ و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی (بولگاریا، ئێرله‌ندا، پۆرتوگال) یاری كردووه‌. 

-ساڵی 2023 له‌گه‌ڵ یانه‌ی هۆنكا به‌شداری له‌ 9 یاری خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی فینله‌ندا-ی كردووه‌ له‌گه‌ڵ 2 یاری جامی یانه‌كانی فینله‌ندا و له‌ جامی یانه‌كانی فینله‌ندا 1 گۆڵیشی تۆماركردووه‌.

ساڵی 2023 له‌گه‌ڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی فینله‌ندا-ی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵان به‌شداری پاڵه‌وانێتی دۆستانه‌ی جامی به‌لتیك-ی كردووه‌ و 3 یاری به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی (ئیستۆنیا، لیتوانیا، لاتیڤیا) ئه‌نجامداوه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می و جامی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.



PM:04:12:01/07/2023




ئه‌م بابه‌ته 5540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌