ئەرسەلان جەلال: پێویستە لەسەر راهێنەر هەندێكجار سەركێشی بكات
ئا/ سەنگەر كاكۆ
ئەرسەلان جەلال عەبدوڵڵا، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لەم چاوپێكەوتنەی لاپەڕەی وەرزشی (هەواڵ)ـدا، باس لە ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و هاوكات پێیوایە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە كوردستان كردووە، خەریكە تۆپی پێ دووچاری چەقبەستن دەبێت.
*سەرەتای چوونت بۆ نێو دنیای تۆپی پێ بۆ كەی و لە كوێ دەگەڕێتەوە؟
- بۆ ساڵی 1992 لە تیپە میللییەكانی شاری هەولێر وەك تیپەكانی(كرمانج، ئەستێرە، چوارچرا) دەگەڕێتەوە، یەكەم یانەش یاریم بۆ كرد، لاوانی یانەی برایەتی بوو لە ساڵی(1994-1995).
* وەك یاریزان بۆ چەند یانە یاریت كردووە؟
- وەك یاریزان بۆ یانەكانی( برایەتی، خەبات، سلێمانی، پێشمەرگەی سلێمانی، هەڵبژاردەی سلێمانی) یاریم كردووە.
* راهێنەرایەتی چەند یانەت كردووە؟
- راهێنەرایەتی (لاوانی ئازادی، لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی، هەڵەبجەی شەهید، هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، یاریدەدەری هەڵبژاردەی كوردستان) ئێستاش راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانیم.
*دەستكەوتەكانت چی بوونە لەو ماوەیەدا؟
- دەستكەوتەكان زۆرن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر وەك راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، جامی (نۆروەی كاپ)ـمان بەدەستهێنا، ئەوە بۆ من جێگای شانازییە.
*خاوەن چ بڕوانامەیەكی تۆپی پێیت؟
- خاوەن بڕوانەمەی جۆری (B)ـیم لەسەر ئاستی ئاسیاو هەروەها چەند بڕوانامەیەك كە بەشداریم لە خولی راهێنان لە كوردستان و توركیا كردووە.
*دەڵێن هەر یانەیەك بارودۆخی خراپ بێت، پەنا بۆ تۆ دەبات، هۆكاری ئەمە چییە؟
- بە بڕوای من پێویستە راهێنەر لە ژیانی وەرزشیدا هەندێ سەركێشی(مجازفە) بكات، بۆیە منیش ئەمەم كردووە، هەروەها پێویستە راهێنەر متمانەی بە خۆی هەبێت و خوێندنەوەی تەواوی بۆ یاریزانەكانی خۆی و ئەوانەی بەرانبەریشی هەبێت، لەو كاتەشدا دەتوانێ زاڵ بێت بەسەر كەشی یارییەكاندا.
* بەینت لەگەڵ یانەی برایەتی چۆنە؟
- زۆر باشەو هەمیشە حەز بە سەركەوتنیان دەكەم، چونكە من یادگاری خۆش و ناخۆشم لەگەڵ یانەی برایەتی هەیە، بۆیە برایەتیم خۆشدەوێ.
*هەر یانەیەكی كوردستان داوات بكات راهێنەری دەكەیت؟
- بەڵێ چونكە لای من هیچ جیاوازییەك لەنێوان یانەكان نییە، پەیوەندیم بە رەنگ و بیركردنەوەیان نییە، گرنگ خزمەتكردنە ئەگەر بۆم بگونجێ.
* گوێ بەپارەو پول نادەیت؟
- پارەو پول گرنگە، بەڵام هەرگیز رێگر نییە لە كارەكەم، بۆیە دەتوانم بڵێَم زۆر گوێ بە پارە نادەم.
*ئاستی تۆپی پێ چۆن دەبینیت، هەنگاو دەنێ یان قەچبەستووە یان لە پاشەكشەیە؟
- دەتوانم بڵێم بەرەو پێشچووە، هەرچەندە لەسەرخۆبووە، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی ئەم بارودۆخ و قەیرانە داراییەی رووی لە كوردستان كردووە خەریكە تووشی چەقبەستن دەبێت.
*چی بەو كەسانە دەڵێی هاوكارو هاندەرت بوونە لە رابردوو ئێستادا؟
- ئەوانەی هاوكارم بوونە هەرگیز لە یادیان ناكەم و پێیان دەڵێم( زۆر سوپاستان دەكەم، زۆر شتتان فێر كردم).
بیرت لە دامەزراندنی فێرگەیەكی تۆپی پێ نەكردۆتەوە؟
- لەئێستادا بیرم لێ نەكردۆتەوە، بۆ داهاتووش حەزم پێی هەیە.
* زۆر تێكەڵی لەگەڵ وەرزشكارانی كوردستان بەگشتی و كەركوكییەكان بەتایبەتی، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- حەزم بە ناسینی زۆربەی وەرزشكارانی كوردستانە بەگشتی، بەڵام كەركوكییەكان بەتایبەتی، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە ماوەیەكی زۆر لە سلێمانی پێكەوە بووین و زۆربەی كاتە وەرزشی و كۆمەڵایەتی و خۆشی و ناخۆشییەكانمان پێكەوە دەبردە سەر، لێرەشەوە دەڵێم لەبیرتان ناكەم.
پرۆفایل:
ئەرسەلان جەلال عەبدوڵڵا، ساڵی 1978 لە گوندی دڕكەی سەربە قەزای دووبزی لە پارێزگای كەركوك لە دایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی جۆری(B)ئاسیایە، ئێستاش راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پیشمەرگەی سلێمانییە.