دكتۆر نازم: ئاستی تۆپی پێ مامناوەندەو رۆژنامەگەری وەرزشیش لە جاران باشترە
ئا/ سەنگەر كاكۆ
دكتۆر نازم شێخ جەبار، هەڵگڕی بڕوانامەی راهێنانی(A) لە تۆپی پێ و مامۆستای زانكۆو رۆژنامەنووسی وەرزشی، لەم چاوپێكەوتنەی لاپەڕەی وەرزشی (هەواڵ)ـدا، تیشك دەخاتەسەر ئاستی تۆپی پێ كوردستان و هەبوونی پەیوەندی و پێڕپێڕایەتی نێو یانەكانیش بە هۆكاری ئەوە دەزانێت كە لە ئێستادا ئەركی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەكی نەگرتۆتە ئەستۆ.
* ماوەیەكە دووركەوتوویتەوە لە تۆپی پێ، هۆكاری ئەمە چییە؟
- دووركەوتنەوەی من لە وەرزش و تۆپی پێ وەك راهێنەر پەیوەستە بە یانەكانەوە، چونكە یانەكان راهێنەر هەڵدەبژێرن و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی راهێنەر لە یانەیەكەوە بۆ یانەیەكی تر جیاوازەو پەیوەندی بە توانای راهێنەرەكەوە نییە لە زۆركاتدا.
* دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی (A) بڕیارتدا ئەركی راهێنەری یانەیەك بگریتە ئەستۆ چیت كرد، تائێستاش هیچت دیارنییە، كەمتەرخەمی لە تۆیە یان لە یانەكان، یان مەسەلەی پارەیە؟
-پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی (A) ئاسیایی لە راهێناندا كە بەرزترین بڕوانامەیە لە كیشوەری ئاسیا، من وەك خۆم ئامادەیم دەربڕیوە بۆ گرتنە ئەستۆی راهێنانی یانەكانی كوردستان، بەڵام بەهۆی پەیوەندی كەسایەتی و پێڕپێڕایەتی لەلایەن یانەكانەوە، ئەوە هۆكار بووە بۆ ئەوەی من تا ئێستا نەبومەتە راهێنەری هیچ یانەیەك.
* پارە دەبێتە یەكێك لە مەرجەكانت بۆ ئەركی راهێنەرایەتی؟
- پارە مەرجی سەرەكی من نییە وەك راهێنەر، بەڵام هەموو كارێك بەرامبەری خۆی هەیە نە بە زیاد نە بەكەم.
* حەز دەكەی ئەو یانەی راهێنەری بكەیت لە چ شارێكی كوردستان بێت؟
- راهێنەر بە ئارەزووی خۆی نییە كە ببێتە راهێنەری چ یانەیەك، بەڵام رێككەوتن لە نێوان راهێنەرو یانەكەدا گرنگە.
* لەسایەی ئەو بڕوانامەیەی بەدەستتهێناوە، بڕوای تەواوت بە خۆت هەیە ئەو تیپەی بەدەستەوە بێت بیگەیەنیتە ئاستێكی بەرزو باش؟
- پاش بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە(A) ئەسیایی هەروەها پێش بە دەستهێنانی ئەم بڕوانامەیەش، من بڕوانامەی(B) ئەسیاییم هەبوو، بڕوای تەواوم بە خۆم هەبوو كە چ تیپێك بگرمە دەست بیگەیەنمە ئاستی بەرزو كاری راهێنەر ئەوەیە ئاستی یاریزان و تیپەكە بەرزبكاتەوە.
* وەك رۆژنامەنووسێكی وەرزشی، ئاستی رۆژنامەگەری وەرزشی لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئاستی رۆژنامەنوسی وەرزشی لە جاران باشترە، ئەویش بە هۆی تەكنولۆژیاو زۆربوونی كەناڵەكانی راگەیاندن.
* لە كاری رۆژنامەنووسی وەرزشیش دوور كەوتوویتەوە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئێستا زۆر حەز دەكەم بابەتی وەرزشی بنوسم لە رۆژنامەكاندا، بەڵام سەرقاڵ بوون بە دەوامی زانكۆەوە كەمتەرخەمی كردووم.
*حەزدەكەی منداڵەكانت رێچكەی خۆت بگرنەوە یان بوارێكی تر هەڵبژێرن؟
- بەڵی حەز دەكەم مناڵەكانیش رێچكەی وەرزشی بگرنەبەرو ببنە یاریزانی لێهاتوو و منیش هاوكاریان دەبم.
* ئاستی تۆپی پێ لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- سەبارەت بە ئاستی تۆپی پێی كوردستان مامناوندەو پێویستە گرنگی زیاتر بە راهێنەرو یاریزانان و رێكخستنی خولەكان و فێرگەكانی تۆپی پێ بدرێت و بەشێوەیەكی ئەكادیمیانە بەڕێوەبچێت.
دوا وتەت:
لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی رۆژنامەی (هەواڵ) دەكەم و داواكارم لە لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پشتگیری راهێنەران و یاریزانان بكەن و خولی زیاتریان بۆ بكەنەوە بە تایبەتی لە ئاستی تەمەنەكاندا.
پرۆفایل:
دكتۆر نازم جەبار جەلال، لە دایكبووی 1976ـی شاری كەركوكە، خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری وەرزش بڕوانامەی راهێنانی(A) لە تۆپی پێ و رۆژنامەنووسی وەرزشی، پێشتر وەك یاریزان بۆ یانەكانی(یەكی حوزەیران، بابەگوڕگوڕ، كەركوك، هەڵبژاردەی كەركوك) یاریكردووەو وەرزێكیش راهێنەری یانەی كۆیە بووە.