مازیار میوانی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ وه‌رزشی‌ ستادیۆم بوو

مازیار میوانی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ وه‌رزشی‌ ستادیۆم بوو



دیدار:ئیسماعیل مه‌حمود

ماوه‌یه‌كه‌ پاڵه‌وانێتیی باله‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی لاوانی ئاسیا بۆ ئەو یاریزانانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 20 ساڵ كه‌متره‌ له‌ تایوان به‌رده‌وامه‌ و دوێنێ سێ شه‌ممه‌ كۆتاییهات.

هه‌ڵبژارده‌ی عیراقیش یه‌كێك بوو‌ له‌هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌و دوو یاریزانی لاوی كوردیش له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌دا یارییان دەکرد یه‌كێکیان مازیار دلێری یاریزانی لاوی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییه‌.

مازیار دلێر رۆژی 25/1/1998 له‌سلێمانی له‌دایكبووه‌و ئه‌و یاریزانه‌ لاوه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ وه‌رزش ته‌رخانكردووه‌و ئێستا ته‌نیا به‌و یارییه‌وه‌ خه‌ریكه‌و هه‌ر له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خۆی بۆ وه‌رزش وازی له‌خوێندنیش هێناوه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق ده‌ستنیشانكراوه‌.

ستادیۆم له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كاندا په‌یوه‌ندی به‌مازیاره‌وه‌ كردو چه‌ند پرسیارێكی له‌سه‌ر ژیانی وه‌رزشیی خۆی و هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عیراق و یارییه‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ لێكردو ئه‌ویش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی به‌مشێوه‌یه‌ داینه‌وه‌.

سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی پێوتین پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی وڵاتانی ئاسیا به‌شدارییان كردووه‌ و سه‌ره‌تا به‌سه‌ر 4 گروپی 4 هه‌ڵبژارده‌ییدا دابه‌شكرابوون.

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عیراق له‌گروپی سێیه‌مدابووه‌، له‌كۆی 3 یاریی له‌گروپه‌كه‌یاندا، یارییه‌كیان له‌پاكستان برده‌وه‌و ٢ یاریشیان دۆڕاندو سێیه‌می گروپه‌كه‌ بوون.

دواتر 12 هه‌ڵبژارده‌كه‌ بۆ قۆناغی دووه‌می یارییه‌كان سه‌ركه‌وتن و عیراق كه‌وته‌ گروپی حه‌وته‌مه‌وه‌و له‌سه‌ر پله‌كانی 9 تا 12 یارییان كرد، له‌م قۆناغه‌شدا یه‌كه‌م یارییان به‌قه‌ته‌ر 2-3 دۆڕاند، دواتر 3-1 له‌ تایوانیان برده‌وه‌و پله‌ی 11ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یان گرت.

*پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ به‌گشتی چۆن بوو؟

-پاڵه‌وانێتییه‌كی به‌هێز بوو، سه‌رجه‌م هه‌ڵبژارده‌كان له‌ تیپه‌ به‌هێزو به‌تواناكان بوون، ئاسته‌كان زۆر نزیك بوون له‌یه‌كتره‌وه‌، له‌قۆناغی دووه‌مدا ئێمه‌ وه‌ك سێیه‌می گروپی سێیه‌م كه‌وتینه‌ گروپی حه‌وته‌مه‌وه‌ و له‌سه‌ر پله‌كانی 9 تا 12 یاریمان كرد و به‌بردنه‌وه‌و دۆڕاندنێك یانزه‌یه‌مینی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بووین.

*له‌هه‌ڵبژارده‌ی عیراق تۆ ته‌نیا كوردی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بوویت؟

-نه‌خێر كوردێكی تریش له‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌دا هه‌بوو ئه‌ویش میلاد عه‌بدول ره‌زایه‌و خه‌ڵكی كه‌لاره‌و بۆ یانه‌ی شورته‌ی به‌غدا یاریی ده‌كات.

*ئایا ئێوه‌ هیچ كامێكتان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی یەکەمی عیراق سه‌رناخرێن؟

-هیوادارین بۆ تیپی یه‌كه‌می عیراق هه‌ڵبژێردرێین به‌ڵام پێم وایه‌ هێشتا زووه‌ و ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌كی تر ئه‌و ئاواته‌مان بێته‌ دی.

*كام هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌پاڵه‌ونێتییه‌كه‌دا سه‌رنجی راكێشاویت و به‌ڕای تۆ به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌ی به‌شداربووه‌؟

-هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئێران و چین دیارترین و به‌هێزترین دوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌شداریی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ بوون.

*ئه‌ی كام یاریزانه‌ به‌ڕای تۆ دیارترین یاریزان بووه‌؟

-یاریزانی ژماره‌ 3ی چین كه‌به‌داخه‌وه‌ ناوه‌كه‌یم له‌به‌ر نییه‌.

*یارییه‌كانتان ته‌واو بووه‌ ئه‌ی كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان؟

-ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ده‌گه‌ینه‌وه‌ كوردستان.

*په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی چۆنه‌؟

-من تائێستاش یاریزانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیم، ئه‌مساڵیش له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ به‌شداری خولی عیراق ده‌كه‌م.

*هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازین؟
-منیش زۆر سوپاسی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و هه‌فتانه‌ی ستادیۆم ده‌كه‌م بۆ ئه‌م به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌.



PM:03:27:20/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 4115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌