ته‌ندروستی -
نه‌خۆشی شه‌كره، وه‌ك یه‌كێك له نه‌خۆشییه بڵاوه‌كان له جیهاندا تا ئێستا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نییه و كه‌سی توشبوو پێویسته ته‌واوی ته‌مه‌نی ده‌رمان وه‌ربگرێت و چاودێری دۆخی ته‌ندروستی خۆی بكات، دكتۆر داهات پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە له‌م بابه‌ته‌دا 5 ڕێنمای گرنك و پێویست ده‌داته ئه‌و كه‌سانه‌ی توشبووی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ن.
1-ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نابێ ئەو جۆرە خواردنانە زۆر بخۆن کە کاربۆهیدراتی زۆر تێدایە وەکو شیرینی دروستکراو، پاقلاوە، بیبسی، ئایس کریم، گەنمەشامی، پەتاتەی سورەوەکراو.
2- وا باشە هەفتەی ۳ ژەم زیاتر برنج نەخۆن، کە خواردیشیان یەک کەوگیر زیاتر نەبێ و نابێ نانی پێوە بخۆن. لەجیاتی برنج دەتوانن ساوەر، قەرەخەرمان، شۆربا یان گۆشتی کەم چەوری بخۆن.
3- نانی تیری تەنک و بر‌ژاو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ نانی بەیانی و ئێوارە، دەتوانرێ بە ماست و پەنیر و گوێزەوە بخورێت، نانی جۆ باشترە لە نانی گەنم، کولێرە و سەمون هەویری زۆر تیایە و شەکرە بەرز دەکەنەوە، سەرتوێژی ماست و قەیماغ و کەرە خراپە بۆ شەکرە.
4- لە میوەکان هەنجیر و ترێ و کاڵەک و شووتی شەکرە زۆر بەرز دەکەنەوە و پێویستە لێی دوورکەونەوە، میوەکانی تری وەکو سێ‌و و هەرمێ و مۆز و قۆخ دەتوانرێ بخورێ بەڵام زیادەرۆیی تیا نەکرێ و وا باشە جۆرە میوەیەک بخورێ کە زۆر نەگەییبێ و کەمێک ڕەق بێت.
-میوە ووشکراوەکان و مێووژ و کشمیش شەکرەکەیان زۆر خەست و خراپە و لەپڕ شەکرە بەرز دەکەنەوە.
-سەوزەکان بەسوودن بۆ نەخۆشی شەکرە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرە و دابەزاندنی چەوری ناو خوێن.
5- وا باشە چا و قاوە و نیسکافە بە تاڵی بخورێن یان حەبی تایبەت بە چا بەکاربهێنرێ. وا پێویستە نەخۆشانی شەکرە ئاو زۆر بخۆنەوە و دوورکەونەوە لە جگەرەکێشان و ماددە کحولیەکان و زۆر خەفەت خواردن.