تهندروستی -
زۆربەمان خۆمان یان کەسێکمان دەشێ لە کاتی خەوتن پرخەی هەبێت، پرخەی کاتی خەو چەند هۆکارێکی هەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بوونی پرخە بریتییە لە کۆنیشانەی وەستانی لەناکاوی هەناسە لەکاتی خەوتن، بە واتایەکی تر بوونی پرخە هەموو کاتێک مانای بوونی نەخۆشیی (کۆنیشانەی وەستانی لەناکاوی هەناسە لەکاتی خەوتن) نییە، واتا دەشێ تۆ پرخەت هەبێت بەڵام ئەو نەخۆشییەت نەبێت، دكتۆر زانا پسپۆڕی هەناو لهم بابهتهدا ڕێنمایی تایبهت دهداته ئهو كهسانهی ئهم گرفته تهندروستیهیان ههیه.
چۆن ئەم نەخۆشییە دەناسرێتەوە و دەستنیشان دەکرێت؟
ئەم نەخۆشییە لە بەشی نەخۆشییە هەناوییەکانە و لە پسپۆڕی ووردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان ئەژمار دەکرێت.
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و نیشانەکانی کلینیکیی بریتیین لە:
یەکەم:
کەسی تووشبوو بە شێوەیەکی گشتیی تەمەنی لەسەرووی ٥٠ ساڵە (دەشێ لە تەمەنی گەنجتریش ڕووبدات)، بە شێوەیەکی گشتیی لە ناو پیاوان بەربڵاوترە، دەشێ کەسی تووشبوو لەناو خێزانەکەی ئەو نەخۆشییە هەبێت.
کەسی تووشبوو زۆربەی جارەکان کێشی لەشی زۆرە یان قەڵەوە، زیاتر ئەو نەخۆشانە تووشبووی هەندێ نەخۆشیی ترن وەک (شەکرە، بەرزە فشاری خوێن، نەخۆشیی سست بوونی دڵ و نەخۆشیی سست بوونی ڕژێنی دەرەقیی سست بوونی گورچیلە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سیستەمی هەناسە و هتد)، کەسی تووشبوو زۆربەی جارەکان بارستایی لەشی زۆرە بە تایبەت بەشێکی زۆر لە ماسولکە و چەوری لە دەوری مل و قورگی هەیە. دەشێ کەسەکە کێشەی لەناوپۆشی لووت و جیوب و قوڕگی هەبێت.
دووەم:
هەست کردن بە خەواڵوویی بەردەوام لە ڕۆژدا، نەخۆش بەردەوام لەو کاتانە خەو دەیباتەوە کە لە باری ئاساییدا کاتی خەو نییە، وەک لەکاتی نان خواردن، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، لە کاتی بەشداریی کردن لە بۆنەیەک، زۆر جار لەکاتی سەیر کردنی تەلەفزیۆن و لەکاتی بوون لە شوێنە گشتیەکان وەک مزگەوت و بازاڕ.
لە پاڵ بوونی ئەو خەواڵووییە، نەخۆش هەردەم هەست بە بێ هێزیی دەکات، بەردەوام هەست دەکات کە تێر خەو نەبووە و پێویستی بە خەوتنی زیاترە.
سێیەم:
پرخە کردن، بەیەکێک لەهەرە نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە ئەژمار دەکرێت، زۆربەی هەرەرزۆری نەخۆشەکان ئەو نیشانەیان هەیە.
چوارەم:
وەستانی لە ناکاوی هەناسە لە خەو، یان هەست کردن بە خنکان لەناو خەو، ئەو نیشانەیە زۆرجار نەخۆش خۆی لێی بێ ئاگایە بەڵام کەس و کار لە خێزانەکەی زۆربەی جار دەیبینن و وا دەکات نەخۆشەکە لە خەو هەڵسێنن بۆ ئەوەی تووشی خنکان نەبێت، ئەم نیشانەیە پێویستییەکی حەتمی دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکەیە.
پێنجەم:
سەرئێشە ی بەیانیان، زوو زوو میز کردنی شەوانە، زوو زوو هەستان لە خەو بە شەو، هەست کردن بە خەمۆکیی و بێ تاقەتیی، نیشانەکانی تری ئەو نەخۆشییەن.
پزیشکیی پسپۆڕی ئەو بوارە، دوای ئەو نیشانانە پێویستیی بە دەستنیشان کردنی کۆتایی هەیە کە بە ئامێرێک دەکرێت کە ئێستا خۆشبەختانە لە کوردستان بەردەستە، بە ناوی Polysomnogram یان PSG.
ئەو ئامێرە ڕیکۆردی ئەلیکترۆنیی نەخۆشەکە دەکات لە کاتی خەوتن بۆ نەخۆش دەبەسترێت، زۆربەی جارەکان پێویستە نەخۆش لە کاتی دانانی ئامێرەکە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت، هەندێ جار دەکرێت لە ماڵەوە بۆی ببەسترێت، پزیشکی پسپۆڕی ئەم بوارە بڕیار دەدات کامیان بێت.
دوای دەستنیشان کردن، چارەسەر چییە؟
چارەسەری نەخۆشییەکە لە دوو بەش پێک دێت:
یەکەم: چارەسەرە گشتییەکان وەک دابەزاندنی کێشی لەش، دوور کەوتنەوە لە جگەرە و ماددە کهولییەکان، چارەسەری گیرانی ڕێڕەوی لووت و جیوبەکان ئەگەر کێشەیان هەبوو.
دووەم: سەرەکییتریین چارەسەر بریتییە لە بەستن و بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەت شەوان لەکاتی خەوتن، کە بە ئامێری PAP ناودەبرێت کە چەند جۆرێکی هەیە وەک (CPAP و BiPAP )، بەستنی ئەو ئامێرە لەکاتی خەو بە درێژایی خەوتن یان بەلایەنی کەمەوە دەبێت ٧ کاتژمێر بێت هەموو شەوێک.