تهندروستی -
نزیکەی هەموو خەڵک ئەگەر تەمەنیان درێژبێت تووشی سەوەفان (سووان)ی جومگە دەبن. تا ئێرە کێشە نییە، چونکە ئاساییە تەمەندرێژی باجی خۆی هەبێت، بەشێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە سەوەفان بەدەست خۆمان نین، دكتۆر سەروەر پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم لهم بابهتهدا باسیدهكات:
1-هەڵکشانی تەمەن: بێگومان ناتوانین کاتژمێری تەمەن بۆ دواوە بگێڕینەوە
2-ڕەگەز: ئەمەش لەدەستی خۆماندا نییە
3- بۆماوە: بەر لە لەدایکبوون بۆمان هاتووە و تا هەتایە لەگەڵمان دەمێنێتەوە
ئەمانە کەس گلەییت لێ ناکات کە نایانگۆڕیت، چونکە لەدەستی خۆتدا نین. خۆشبەختانە ئەمانە زۆربەی کات تا تەمەنە زۆر گەورەکان کێشەی گەورە دروست ناکەن.
بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری تر هەن، دەتوانین بیانگۆڕین، بە گۆڕینیشیان بەشێکی زۆری گرفتی سەوەفانمان لەکۆڵ دەبێتەوە و زۆر کەمتر پێویستمان بە پزیشک و دەرمان دەبێت. دەبێ بڵێین ئەمانە هۆکاری سەرەکیتری سەوەفانی تەمەنە گەنجترەکانن.
ئەو هۆکارانەی دەتوانین بیانگۆڕین ئەمانەن:
1- کێش زۆری: کێشی زۆر ئەگەر سەوەفانت نەبێ زووتر لە خەڵکی تووشت دەکات خۆ ئەگەر سەوەفانت هەبێ، ئەوە کێش زۆریی زۆر خراپی دەکات، بۆیە بڕیارێکی لێبڕاوانە بدە و پێش ئەوەی سەوەفان بتگەیەنێتە نەخۆشخانە و هۆڵی نەشتەرگەری، کێشی خۆت دابگرە. هەر پێنج کیلۆ کێشی زیادە کە دایدەگری، سەدا پەنجا پێویستیت بە دەرمان کەمدەکاتەوە!
2- نەجووڵان و پشتگوێخستنی وەرزش: نەجوڵان وادەکات ماسولکە ڕاگرەکانی جومگەکەت لاواز ببن، هاوشێوەی خانوویەک کە پایەکانی لاواز دەبن و چیتر خۆی ڕاناگرێت. لاوازبوونی ماسولکە هۆکارێکی سەرەکی زوو تووشبوونە بە سەوەفان، لەوانەش کە تووشبووی سەوەفانن ئەگەر ماسولکەیان بەهێزبێت، زۆر کەمتر تووشی ئازار و کێشەکانی تری پەیوەست بە سەوەفان دەبن.
بۆیە لەمڕۆوە قۆڵی لێ هەڵماڵە و وەرزشبکە بە خوویەکی ڕۆژانەت.