تهندروستی -
جهستهی مرۆڤ بۆ دروستکردنی هیمۆگلۆبین پێویستی بە ئاسن هەیە کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ ئەندام و شانەکانی لەش و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لێیان لادەبات.
دکتۆره ئەناستازیا تاراسکۆ، پزیشکی پسپۆڕی هەناو، ئاماژە بەوە دەکات پزیشکەکان بەزۆری تەواوکەری ئاسن دەنووسن کاتێک ئاستی هیمۆگلۆبین لە خوێندا کەمدەبێتەوە، بەڵام خۆراک هەیە ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ئاسن لە ڕیخۆڵەدا، چۆن لەم حاڵەتەدا خۆراک و دەرمان بە شێوەیەکی دروست تێکەڵ بکەین؟
بۆچی ئاسن ناچێتە ناو لەشەوە؟
جەستەی مرۆڤ ئاسن بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو لە خۆراکەکانەوە بەدەستی دەهێنێت، هەر بۆیە گرنگە ڕێجیمێکی جۆراوجۆر پەیڕەو بکرێت. ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن بریتین لە گۆشت، جگەر، گورچیلە، زمان، گوێچكه ماسی، بادەم، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، کونجی، شوکولاتەی تۆخ، گەنمەشامی، نیسك، فاسۆلیا و نۆک.
بە وتەی ئەم پزیشكه، خانمانی دووگیان پێویستە بە تایبەتی گرنگی بە خۆراکی خۆیان بدەن، چونکە کەمخوێنی کە پێش دووگیانی دێت گرفتهكه ئاڵۆزتر دەکات.
پزیشکەکە ئاماژە بەوە دەکات کەمی ئاسن لە جەستەدا ڕەنگە هۆکارەکەی بێت بۆ خراپی هەڵمژینی لە ڕیخۆڵەکاندا، لەوانەیە هۆکارەکانی بریتی بن لە: نەخۆشییە گوازراوهكان، خواردنی دەرمانی شلکەرەوە و هەوکردنی ڕیخۆڵە، تێکچوونی پرۆسهی ترشاندن له ڕیخۆڵهدا، هەوکردنی گەدە، خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی زۆر فۆسفاتیان تێدایە - خۆراکی نیمچە پرۆسێس کراو، سۆسهج، پەنیر و خواردنەوە گازییەکان؛ خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ترشی ئۆکسالیک، فستقی برژاو و کاکاو، زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە تانین (چای، قاوە)، و فیتین (توێکڵی دانەوێڵەی تەواو، بڕان، گەنم، برنج، گەنمەشامی، گوێز)؛ بڕێکی زۆر خواردنی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵی خۆراکی،بهكارهێنانی دهرمانی چارهسهری ترشهڵۆكی گهده، واتە نابێت ئاسن لەگەڵ هەموو ئەو خۆراک و مادانەی باسکراون بخورێت چونکە ڕێگری دەکەن لە هەڵمژینی لە ڕیخۆڵەدا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تەنها پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت کەمی ئاسن دەستنیشان بکات و هۆکارەکەی دیاری بکات، پێویستە بزانین قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمییە پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەیە و پێویستی بە گرنگیدان بە خۆراک و ئەنجامدانی پشکنینی خوێنی وەرزی هەیە.