‌له‌م كاته‌دا ئازاری پشت مه‌ترسیداره‌



ته‌ندروستی‌ - 

پشت ئێشە لە باوترین ئەو نەخۆشیانەیە کە بەهۆیەوە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان دەکات، زۆربەی پشت ئێشەکان (٨٥٪ ی بارەکان) هۆکارێکی سادەی هەیە و تەنها پێویستی بە کەمێک پشوە، بەڵام هەندێکجار هۆکاری پشت ئێشەکە نەخۆشیەکی مەترسیدارە.

کەواتە چۆن پشت ئێشە سادەکان لە پشت ئێشە مەترسیدارەکان جیا بکەینەوە؟ دكتۆر نەشئەدین پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و فەقەرات و دەمارەکان  له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یداوه‌ته‌وه‌.

ئەگەر پشت ئێشەکە: 

1- لە مانگێک زیاتری خایاند.
2-یەکێک یان هەردوو پەلەکانی خوارەوەی لەگەڵ دەئێشا و سڕبوون و مێرولەکردنی هەبوو، یاخود بووە هۆی بێهێزبوونی پەلەکان و کەمبونەوەی توانای بەپێ ڕێکردن.
3-کۆنترۆڵی میزکردن یان پیسایی کردن لەدەست دەرچوو.
4-ئەگەر هاتوو نەخۆشەکە خۆی لە جێگایەکی تری لەشیدا گرێیەکی شێرپەنجەیی هەبوو. 
5-هەبونی تا و لەرز و ئارەقکردنەوەی زۆر.
6-بەرکەوتنی بۆ زەبری دەرەکی هەبوو لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی ڕابردوودا.

هەرکاتێک پشت ئێشەیەکت گرت کە یەکێک یان زیاتر لەو نیشانانەی لەگەڵدا بوو ئەوا پێویستە ئەو پشت ئێشەیە بە هەند وەربگریت و پشکنینی تەواوی بۆ بکرێت.  


PM:07:32:16/04/2025




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌