حەڤدەمین پاڵەوانیەتی یۆڕۆ لەئەڵمانیا بەرێوەدەچێت



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - زاگرۆس نانەكەلی 

هەموو جیهان ئەمشەو كاتژمێر (10)  چاوەڕێی یاریی یەكەمی یۆرۆی 2024، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میوانداری پاڵەوانێتییەكە و ئیسكۆتلەندا بەڕێوەدەچێت لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی یەكەمدا.

یارییەكە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن ئەنجامدەدرێت،بەر لەیاری كردنەوەش بریارە ئاهەنگێكی قەشەنگ بەمبۆنەیەوە بەرێوەبچێت.

ئەڵمانیا بەسەرپەرشتی راهێنەر نایگێلسمان ئامادەكاری كردووە و دەیەوێت لەنێو خاك و هاندەرانیدا نازناوی پاڵەوانێتییە گەورەكەی ئەوروپا بباتەوە،ئەم پاڵەوانێتییە دوایین دەركەوتنی تۆنی كرۆش كاپتن و ئەستێرەی ئەڵمانیا دەبێت، دوای ئەوەی رایگەیاند لە دوای كۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەكە بەیەكجاری واز لە یارییكردن دەهێنێت، بۆیە مایسترۆ دەیەوێت بەبردنەوەی یۆرۆوە ماڵئاوایی لە لەتۆپی پێ و لاكێشەی سەوز بكات،هەروەها راهێنەری ئیسكۆتلەندا (ستیڤ كلارك) بەپێكهاتەیەكی تۆكمە دەیەوێت رووبەڕووی زیری پۆشەكانی ئەڵمانیا و خاك وهاندەرانی ببێتەوە،هەرچەندە ئەركی ستیڤ كلارك قورسە،بەڵام لەتۆپی پێ هەموو ئەگەرێك چاوەڕوان كراوە وتیپی بچووك وگەورە لەلاكێشەی سەوز،تەنها یاریكردنە.

جێگای ئاماژەكردنە هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وئیسكۆتلەندا (9) جار رووبەڕووی یەكتربوونەوە،ئەڵمانیا (6) سەركەوتنی بەسەر ئیسكۆتلەندا تۆماركردووە و(3) جاریش یەكسان بوونە وئیسكۆتلەندا تائێستا لەهەڵبژاردەی ئەڵمانیای نەبردۆتەوە.

كۆمەڵەكانی یۆرۆی 2024 بەمشێوەیە:- 

كۆمەڵەی یەكەم؛ ئەڵمانیا، ئیسكۆتلەندا، هەنگاریا، سویسرا
كۆمەڵەی دووەم؛ ئیسپانیا، كرواتیا، ئیتاڵیا، ئەلبانیا
كۆمەڵەی سێیەم؛ سلۆڤینیا، دانیمارك، سێربیا، ئینگلتەرا
كۆمەڵەی چوارەم؛ پۆڵەندا، هۆڵەندا، نەمسا، فەرەنسا
كۆمەڵەی پێنجەم؛ بەلژیكا، سلۆڤاكیا، رۆمانیا، ئۆكراینا
كۆمەڵەی شەشەم؛ توركیا، جۆرجیا، پۆرتوگال، چیك



PM:10:09:14/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌