دوای‌ 100 ساڵ - فەرەنسا لە ئۆڵۆمپیادی 2024 دا شانۆگەرییەک نیشان دەدات کە هاوشێوەی نەبووە



‌وێنە-AFP

پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

پاریس به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رێكردنی ئه‌و بۆنه‌ وه‌رزشییه‌ و ئه‌وه‌تا دوای 100 ساڵ فەرەنسا پێشوازی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکات و بڕیاریشیداوە لەو ڕێیەوە شانۆگەرییەک نیشانبدات کە هاوشێوەی نەبووە .

26ی تەمموزی 2024، فەرەنسا بە بەشداری 120 سەرکردەی جیهان، بۆ یەکەمجار ئاهەنگی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، لەدەرەوەی گۆڕەپانەکانی ئۆڵۆمپیاد و لە کەناری ڕووباری سین دەگێڕێت، کە ئەم ڕووبارە بەناوەڕاستی شاری پاریسدا تێدەپەڕێت.

سەرۆکایەتیی‌ هەرێمی‌ کوردستانیش بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان یەکێک بووە لەو سەرکردانەی لەسەر بانگێشتی‌ ئیمانیۆل ماکرۆن بانگێشتی ئۆڵۆمپیادەکە کراوە، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و سەرۆکی بێلا روسیا، بەشدار نابن لەم ڕێوڕەسمەدا.

بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت، 350 هەزار کەس ئامادەی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس بن و 1500 ملیۆن کەسیش  لە هەموو جیهانەوە لە تەلەفیزیۆنەکانەوە تەماشاکەری بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادەکەبن.

لەم ئۆڵۆمپیادەدا پاریس لەدوای 100 ساڵ شانۆگەرییەک نمایش دەکات کە هاوشێوەی نەبووە، و نزیکەی 9 ملیار دۆلاریش تێچووەکەی دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی ئاهەنگی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس بۆ ساڵی 2024، هێرشێکی تێکدەرانە کرایەسەر هێڵەکانی شەمەندەفەری پاریس، و بەهۆشیەوە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی 800 هەزار کەس دروست بوو ، بەرپرسانیش ڕایانگەیاند کە چاککردنەوەی وێستگەکان دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نەتوانن لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادکەدا بەشداربن. 

بە تایبەت ئەو مەدالیایانەی لە یارییەکاندا پێشکەش بە براوەکان دەکرێن، ژمارەیان پێنج هەزار و 84 میدالیایە، و براوەی میدالیای زێڕ، 37 هەزار دۆلار، و زیو 22 هەزار و برۆنز 15 هەزار دۆلار وەکو پاداشت وەردەگرن.

هەر بەم بۆنەیەشەوە حکومەتی فەرەنسا بڕیاریداوە، ئەو کۆچبەرانەی لە کەمپەکانی نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادەکەدا دەمێننەوە بیانگوێزنەوە بۆ شوێنێکی دوور، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری کۆچبەرانی لێکەوتەوە، کە تا کۆتاییهاتنی ئۆڵۆمپیادەکە بۆیاننییە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان کەماوەی 15 ڕۆژ دەخایەنێت. 



PM:10:59:26/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌