‌ڕۆدی‌ خەڵاتی‌ باڵۆن دۆڕی‌ بە دەستهێنا



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

رۆدری بووە براوەی باڵۆندۆری باشترین یاریزانی جیهان و کێبڕکێکەی لە ڤینیسیۆس جونیۆر بردەوە.

لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە شاری پاریسی فەڕەنسا خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی رابردوو کرا لەلایەن گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵەوە، تێیدا خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی پێشوو کە گرنگترین خەڵاتی ئاهەنگەکە بوو درا بە رۆدری یاریزانی مانچستەر سیتی و کێبڕکێکەی لە ڤینیسۆس جونیۆر و بیڵینگهام بردەوە.

لە پلەی دووەمدا ڤینیسۆسی یاریزانی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی بەڕازیل بینرا و جود بێلینگهامی ئینگلیزیش پلەی سێیەم بوو، وە کارڤاخاڵ و هالاند و مباپێ و لاوتارۆ مارتینێز پلەکانی چوارەم تا حەوتەمیان گرت.

هاوکات ریاڵ مەدریدی پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ و لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەوروپا بەباشترین یانە دیاریکرا، بەرشەلۆنەش خەڵاتی باشترین یانەی خانمانی پێبەخشرا.

وە لەلایەکی ترەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی بەباشترین راهێنەری ساڵ دیاریکرا، وە هاری کەین و کیلیان مباپێ بەهاوبەشی بە تۆمارکردنی 52 گۆڵ بوونە گۆڵکاری ساڵ خەڵاتی گێرد مولەریان بردەوە بەڵام تەنیا کەین چووە سەر ستەیج چونکە شاندی یانەی ریاڵ مەدرید گەشتی فەڕەنسایان نەکرد، وە لامین یاماڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی پێبەخشرا پاش بردنەوەی کێبڕکێکە لە ئاردا گولەر کە بووە پلەی دووەم.

ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵچی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئەستۆن ڤێلا بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک وەک باشترین گۆڵچی جیهان دیاریکرا و خەڵاتی لیڤ یاشینی پێبەخشرا.

جگە لەوەش ئایتانا بۆنماتی یاریزانی‌ کچە یاریزانی‌ بەرشەلۆنە بووە براوەی بالۆن دۆری خانمان .



PM:07:10:29/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌