غاز شیمال نازناوی‌ پاڵه‌وانێتی‌ باسكه‌ی‌ كچانی‌ عێراقی‌ به‌ده‌ست هێنا



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

له‌ شاری‌ هه‌ولێر و له‌ نێو هۆڵی‌ داخراوی‌ یانه‌ی‌ ئه‌كاد دوا جه‌وله‌ی‌ یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ باسكه‌ی‌ كچانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق به‌ڕێوه‌ چوون .

له‌ یاری‌ لوتكه‌ی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ كچانی‌ یانه‌ی‌ غاز شیمال ڕوبه‌ڕوی‌ كچانی‌ یانه‌ی‌ ئه‌كادی‌ خاوه‌ن هۆڵ بونه‌وه‌ و له‌و یارییه‌دا و دوای‌ ڕكابه‌ریه‌كی‌ به‌هێز سه‌رئه‌نجام یانه‌ی‌ غاز شیمال توانیان به‌ جیاوازی‌ ته‌نیا 2 خاڵ و به‌ ئه‌نجامی‌ 54 - 56 خاڵ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و به‌و ئه‌نجامه‌ش كچانی‌ غاز شیمالی‌ شاری‌ كه‌ركوك توانیان نازناوی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن .

ئه‌مه‌و كچانی‌ یانه‌ی‌ سایبێس-یش به‌ بردنه‌وه‌یان له‌ كچانی‌ یانه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان پله‌ی‌ دووه‌می‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌یان به‌ده‌ست هێنا و سه‌نحاریبی‌ دهۆكیش سێهه‌م و پله‌كانی‌ چواره‌م و پێنجه‌م و شه‌شه‌م بۆ یانه‌كانی‌ ئه‌كاد ، ئافرۆده‌یت و ده‌ربه‌ندیخان بوو .

سه‌باره‌ت به‌ كۆتاهاتنی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانی‌ بیلال مه‌ولود ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باسكه‌ی‌ عێراق به‌ پێشمه‌رگه‌ سپۆرتی‌ ڕاگه‌یاندوو ووتی‌ ، ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ به‌به‌شداری‌ 6 یانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ یارییه‌كانی‌ به‌ شێوه‌ی‌ خول و به‌ یه‌ك قۆناغ بوو ، هه‌روه‌ك ووتیشی‌ ئاست به‌رزی‌ تیمه‌كان سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو ئه‌وه‌ش له‌ دوای‌ سالاَنێكی‌ زۆر كه‌ له‌ ئێستادا یاری‌ باسكه‌ی‌ كچان ڕۆح كراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌ریدا و به‌هێز و به‌هێزتر بووه‌ و پیشه‌گه‌رانی‌ به‌شداری‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش شاهیدی‌ ئه‌وه‌یان دا كه‌ تیمه‌كان زۆر ئاست به‌رزوو به‌هێزن .

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ بۆ ساڵی‌ داهاتوو ئه‌م چواریانه‌یه‌ی‌ خاوه‌ن پله‌كانی‌ یه‌كه‌م تا چواره‌من ده‌توانن له‌ هه‌رپاڵه‌وانێتیه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئاسیاوی‌ به‌شداری‌ بكه‌ن وه‌ له‌م ساڵیش هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانی‌ غاز شیمال و سه‌نحاریب له‌ به‌رواری‌ 4 ی‌ ئه‌یلولی‌ مانگی‌ داهاتوو له‌ ولاَتی‌ مه‌غریب به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كه‌ن كه‌ یانه‌ی‌ غازی‌ شیمال به‌ دوو یاریزانی‌ پیشه‌گه‌ری‌ به‌ ڕه‌گه‌ز ئه‌مریكی‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ به‌هێزتر كردووه‌ و بۆ ئه‌نجام ده‌چێته‌ نێو ئه‌و كێبڕكێیه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ یانه‌ی‌ سه‌نحاریبی‌ شاری‌ دهۆك بیلال ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ به‌شداری‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كارین بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ به‌هێزه‌ .


PM:10:45:05/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 1160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌