بابه‌ته‌كه‌ رۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردییه‌


 
رۆژه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق ئه‌مڕۆیه‌
30-7-1985 _ 30-7-2023

سه‌نگه‌ر زرار -

به‌پێی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ مێژوویی و به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنتانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدان، هه‌روه‌ها ئه‌و كتێبه‌ی‌ كۆتایی ساڵی 2012 به‌ناونیشانی‌ (بیبلۆگرافیای‌ بڵاوكراوه‌ وه‌رزشییه‌كان 1985-2012) له‌سه‌رئه‌ركی‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ و لاوان/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌چاپم گه‌یاند، ئه‌مڕۆ 30-7-2023 رۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆی‌ له‌گه‌ڵ دابێت رۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ وه‌رزشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ لێنه‌دراوه‌ و جێگیر نه‌كراوه‌.

به‌و پێیه‌ی‌ له‌ڕۆژی‌ 30-7-1985 و له‌ڕۆژێكی‌ وه‌كو ئه‌مڕۆدا یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ی‌ وه‌رزشی‌ كوردی‌ له‌كوردستانی‌ عیراق، كه‌پاشكۆی‌ (كاروانی‌ وه‌رزش)ی‌ گۆڤاری‌ كاروان بوو به‌شێوه‌ی‌ هه‌فتانه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، پێوه‌ریش بۆ دیاریكردنی‌ ئه‌م رۆژه‌ مێژووییه‌ ده‌رچوواندنی‌ یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌  یان رۆژنامه‌یه‌، وه‌ك چۆن ده‌رچوونی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستان له‌ 22-4-1898 له‌شاری‌ قاهیره‌ به‌ڕۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی دیاریكراوه‌، یان له‌عیراقدا ده‌رچوونی‌ رۆژنامه‌ی‌ (الزورا‌و) له‌ 15-6-1869 كراوه‌ته‌ رۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی له‌عیراقدا.

هەر لەعێراق دەرچوواندنی یەكەم بڵاوكراوەی وەرزشی كە گۆڤاری (نادی العاب الریاچیه‌) بووە و رۆژی 22-11-1922دەرچووە، كراوەتە رۆژی رۆژنامەگەریی وەرزشیی لەعێراقدا.

كاروانی‌ وه‌رزش كه‌ یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ی‌ وه‌رزشیی كوردیی نووسراو و چاپكراو بووه‌، سه‌ره‌تا وه‌ك پاشكۆیه‌كی‌ هه‌فتانه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و دواجاریش كراوه‌ به‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر هه‌فتانه‌ ده‌رچووه‌.

 بۆیه‌ هه‌قه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌مێژووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیمان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌رچوواندن و ده‌ركردنی‌ یه‌كه‌م چاپكراوی‌ وه‌رزشی‌ كوردی له‌(هه‌رێمی‌ كوردستان) كوردستانی‌ عیراقدا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌ بنێین و بڕیار له‌دیاریكردنی‌ ئه‌و رۆژه‌ بده‌ین.



PM:03:45:30/07/2023




ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌