یادی ١٠٠ساڵەی رۆژی جیهانی شەتڕەنج



د.دڵزار حەمەساڵح ، سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد

یادی رۆژی جیهانی شەترەنجی پێ دەنێتە سەدەی یەکەم، كە بیرەوەری یادەکە دەگەرێتەوە بۆ دامەزراندنی یەکەم فیدراسیۆنی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی لە٢٠ی تەمموزی ساڵی ١٩٢٤ لە پاریس.

 لەگەڵ ئەو ساڵیادە ، یادی بە وانە کردنی یاری شەتڕەنج لە کوردستان و عێراق پێ دەنێتە یەکەم یۆبیلی‌ زیوین واتا چارەگە سەدەیەکی تەواو کرد لە بەردەوامی هەوڵی بێ وچانی دڵسۆزانی ئەم یارییە لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و بە هەوڵ و هیمەتی دڵسۆزانی یاریەکە لە یانەی شەتڕەنجی خانزاد لە شاری هەولێر و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی کە یەکەم هەنگاوی زێرینی خۆی نووسیەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ رێخۆشکردن بۆ ئەم هەنگاوە مەزنە ، کە بە دڵنیاییەوە نەوەی داهاتوو دەبینن کە فێربوونی یاری شەتڕەنج ، چ کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەریان بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستیان بەرز دەکاتەوە لە کۆی وانەکان بە تایبەتی یارییە بیرکاریەکان،  هاوکاریان دەبێت لە دارشتنی پلانی تۆکمە و سەرکەوتوو لە تەواوی ژیانیان ، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی ئێمەیە ، ئەوە سەرەرای پێشکەش کردنی کتێبخانەیەکی گەورەی پر لە سەرچاوە گرنگەکانی فێربوون و بەهێزبوون بە زمانە جیاوازەکان و وەرگێرانی گرنگترین کتێبە جیهانیەکان لەبواری شەتڕەنج بۆ سەر زمانی کوردی کە بەردەوام لە هەموو شوێنێک بەردەستی شەتڕەنجزانانە.

لێرەوه دەمەوێت لە یادی١٠٠ساڵەی دامەزراندنی یەکەم فیدراسیۆنی نیودەوڵەتی شەتڕەنج ، ئەوە بەبیری هەمووان بهێنینەوە ، که شەترەنجزانانی کور و کچی کورد ساڵانێکە لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەش ئەنجامی شایسته و پڕشانازییان بەدەستهێناوە ، کورد خاوەن بەهرەی مەزنە لە شەترەنج، بەردەوام شەترەنجزانانی کورد بەشێک بوون لە پێکهاتە و یاریزانی هەڵبژارده جیاوازەکانی عێراق لەو یارییەدا.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ، زیاتر و زۆرتر گرنگی بە شەترەنج بدرێت ، چونکە خاوەن شەترەنجزانی بەتواناین لە ئاستەجیاوازەکانی تەمەن ، رەنگە ئەوەی بە یارییە بە کۆمەڵەکان نەتوانین ئەنجامی بدەین لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ، شەترەنج دەروازەیەکی فراوانە بۆ گەیشتن و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان.



PM:09:27:13/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌