هەژاری یان میدیاكاری وەرزشی گڕووە!



زاگرۆس نانەكەلی -

لەسەرەتای هەشتاكان باوكی كۆچكردووم زۆرجاران ناحەقیەك ونا دادییەكی بدیبوایە و دەیگوت: هەژار گڕووە!،منیش دەمگوت بۆ باوكە؟ دەیگوت: چونكە هەژار هیچی نیە و حەقبێژە،ئیتر كەس خۆشی ناوێت بۆیە گڕووە،گڕووش كەس لێی نزیك نابێتەوە لەبەر ئەو نەخۆشییە پێستیەی تووشی بووە و هەژاریش رێك وەك ئەو نەخۆشیە گڕووییە.

ئێستا زانیم هەژاری ئاوایە،بەڵام من هەست دەكەم،ئەم پەندە نیوەی ماوە تەواو بكرێت،ئەویش میدیاكاری وەرزشی كوردیش پێم وایە هەر ئەو گڕووییە كە ئەوەی باوكی كۆچكردووم وای دەگوت،گەر باسی بەڵگەش بكەین و بڕوا بەمە بێنین و  ئێستا بۆتانی بەیان دەكەم.

ساڵی 2012 كۆنفڕانسێك لەسەر راگەیاندن و زمانی زبر كرا لەهەولێر،منیش نووسیم لوتكەی زمانی زبر لەنێو راگەیاندنی وەرزشی كوردییە بۆچی بۆ ئەم كۆنفڕانسە داوەت نەكراون،مەبەستم میدیاكارانی وەرزشی بوو،لەبری ئەوەی میدیاكارانی وەرزشی پاڵپشتی ئەو ستوونەم بكەن كەنووسیبووم،چووبوون بۆ بەرپرسێكی ئێستا خانەنشین،خراپ تیانكووشی بوو وبەهەر حاڵ ئەوە بووە مێژووێكی قێزەون!.

دواتر چەندین كۆنفڕانس و وۆك شۆپ و سمینار و سیمپۆزیوم و خول لەسەر راگەیاندن و زمانی زبر بەچەندین ناونیشانی جۆراوجۆر كراوەتەوە وبەبێ ئەوەی یەك میدیاكاری وەرزشی داوەتنامەی بۆ بچێت.

نەك لەرێگای كەسی،بگرە ئێمە كاتی خۆی كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشیمان هەبوو،دواتر بووە لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی،تائێستا كەهیچمان دیارنیە،لەسەر ئاستی كۆمەڵە و لیژنە ورێكخروای ناحكومی و كەسی،یەك میدیاكاری وەرزشی  بەفەرمی داوەت نەكراوە.

ڤیستڤاڵی گەلاوێژ  وچەند پێشانگای كتێب لە كوردستان كراوەتەوە،بەهەمان شێوە میدیاكاری وەرزشی لە كوردستان داوەت نەكراوە و هەر ئەسڵەن لەوانەیە بە رۆشنبیر و خوێندەواریش هەژمارنەكرابێت!.

میدیای وەرزشی لە كوردستان مێژوویەكی زیاتر لە (100) ساڵی هەیە،وەرزشی كوردیش لەپێش زاین بوونی هەیە،ئەوەی لام سەیرە داوەت نەكردنەكە نیە،ئایا ئەوان نازانن شتێك هەیە بەناوی وەرزشی كوردی و میدیاكاری وەرزشی كوردی؟چونكە چەندین كتێب ورۆژنامە و بڵاوكراوەی وەرزشی كوردی بوونی هەیە، یاخود ئێمەی میدیاكارانی وەرزشی هیچ زانیاریمان لەم بارەیەوە نیە؟ خۆشمان گرنگیمان بە كۆڕ و كۆبوونەوە و سمینار و سمپۆزیوم و وۆرك شۆپ نەداوە،بۆ ئەوەی تێكەڵ بە زمان و ئەدەب و مێژوو و فەرهەنگ و مێژووی وڵاتەكەمان ببین؟ قورسە ئەم بابەتە،چونكە هەست دەكەم هەردوولا گوناهبارین لە كەمتەرخەمی!.


AM:07:58:11/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌