میدیاكاری وەرزشی لەرۆژئاوای وڵات بوونی هەیە؟!



زاگرۆس نانەكەلی - 

پێدەچێت منیش دوو وشە لەسەر وەرزش بدوێم،دەكرێ دوای زیاتر لەچەند ساڵ خزمەتكردنی میدیای وەرزشی بەشێك بین لەم هاوكێشەیە،ئەوانە هەمووی ئاساییە و  بەڵام!.

پێنووسەكەم دادەنێم،كەناڵەكانی وەرزشی كوردی وجیهانی دەگۆڕم،گوێ لە هەواڵە وەرزشیەكانی دونیا ناگرم،رۆژنامە و گۆڤارە وەرزشییەكان هەڵنادەمەوە،كتێبەكانی وەرزش و میدیای وەرزشی لەسەر رەفی كتێبخانەكەم دادەنێم،ئەستێرەكانی وەرزشی جیهان و هەڵبژاردە ویانەی دڵخواز هەموویان لە ئەرشیفخانەی ماڵەكەم بلۆك دەكەم،چونكە بەشێكی گرنگی وڵاتەكەم گەورەترین جینۆساید و قڕكردنی رووبەڕووبۆتەوە.

نازانم میدیاكاری وەرزشی كوردی تەنها وتەنها هەواڵ وراپۆرت و دیمانە و وێنەگرتن لەگەڵ یاریزانێك و سەردانی  فلان یاریگا و ناسینی بەپرسێكی وەرزشی بە چالاكی وەرزشی و میدیای بزانی،ئەی خەمی بەشێكی گرنگی وڵات ماناچی؟! تێناگەم بۆچی ئینتمای نیشتمان لای میدیاكاری وەرزشی كوردی تاریكستان و مانگی چواردە هەڵناكا؟!، نە بە پیت و ووشە و دێڕێك و ڕستەیەك و ستوونێك و بابەتێك نەمبینی،نەمبیست،نەمخوێندەوە،میدیاكارێكی وەرزشی كوردی لەگەڵ ئەم هەموو رووداو و پێشهاتانەی رۆژئاوای وڵات،شتێك بڵێ و بنووسێ!،دیارە لای میدیاكارانی وەرزشی كوردستان قەیرانی ئینتمایە!!،هەرچەندە یەك دوو هاوڕێم بینی قەڵەمەكەیان تیژ و بوێر بوو  و  نووسیان،ئەمە جێگای هەڵوێست و ئینتما و ویژدان و  ئیتكی  كوردانە و مرۆڤانە و ئینجا گیانی وەرزشییە.

تێناگەم تا كەی قەڵەكانمان نەخشەی وڵاتێكی گەورە ئازاد بنیاد نانێت،یاخود گەشتە سەرلێشێواوەكانمان كە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی تەنیوە،رەش بكەینەوە سەیری بەختی رەشی خۆمان و وڵاتمان بكەین،كەی ڕەوای حەقە مناڵ و ژن وپیر و گەنج خوێنی لێ بچۆڕێ و گیان بسپێرێ،منیش چاوەڕێبم وەك (ئیبن بەتوتە) بە وڵات و شاران بگەڕێم و لە سوشیاڵ میدیاش پێم بڵێن گەشتێكی خۆش!.

دەزانن یەكەم میدیای وەرزشی بیندراو  لە رۆژئاوای وڵات سەرهەڵداوە؟ دەزانن یەكەم رۆژنامەنووسی وەرزشی كەبەزمانی جگە لە كوردی لە رۆژئاوای وڵات بووە،(عەدنان بۆزۆ) گەوهەری میدیاكارانی وەرزشی كوردستانی گەورە بووە،كاتێك ساڵی 1960 تەلەڤزیۆنی سوریا دادەمەزرێ،ئەو بەرنامەی وەرزشی پێشكەش دەكات، دەزانن (عەدنان بۆزۆ) یەكەم و سەرەتای سەهەڵدانی كۆمێنتاری وەرزشی بووە لە رۆژئاوای وڵات،كە لە وڵاتی سوویا بەبێ ركابەر وپێشەنگ و یەكەمی كۆمێنتاری وەرزشی بووە،هەروەها لەرادیۆی سوریا چەند بەرنامەیەكی وەرزشی پێشكەشكردووە،خاوەنی چەند پەرتووكێكی وەرزشییە،جگەلەوەش یاریزان و داوەری تۆپی پێ بووە،بەداخەوە لەرێكەوتی 25-10-1995 لەدیمەشق كۆچی دوایی كرد و هەموو دیمەشق هاتنە سەرشەقام لەبەر شكۆی ئەم میدیاكارە وەرزشییە كوردە.

زۆرن میدیاكارانی وەرزشی كوردی لە رۆژئاوای ئازیز،وەك (حلو عەلی،رۆدی چاویش،شێخموس مەحمود،سۆمەر فەواز ئیبراهیم،لەزگین ئوسی،ئۆرهان كەمال،جودی عەفرین،عیسا بەشیر شێخۆ،فەواز شێخموس،محەمەد مستەفا،محەمەد نور،محەمەد ئەمین ڕەسول،مەروان جدعان،نوعمان غەسان،ئاهۆرا قازی،كابرین حەواس فەرحۆ) وچەندین میدیاكاری وەرزشی تر،هەروەها خانمەمیدیاكاری وەرزشی رۆژئاواش هەن وەك (سوڕەییا،عەلیا حەمۆ،رۆشام حەمۆ،میدیا هۆرۆ،نازلی حلمی،سێڤین حەمید،دیانا ئیبۆ،رۆكسانە حسێن،رۆژەم محەمەد) ئەوانە گۆڵبژێرێكی باخی ئیرەمن لە ڕۆژئاوا،كەچی بەداخەوە وەشاندنەكانیان بەزمانی دایك نەبووە وهۆكارەكەش داگیركارییە وهیچی ترنا.

با هەموومان وەك میدیاكاری وەرزشی لەخەمی میدیاكارانی رۆژئاوایی كوردستان بین وهەرچیمان پێ بكرێت هەوڵیان بۆ بدەین،چونكە ئەوان لە وڵاتێكی بریندار و شەڕ و ناخۆشی و دڵەڕاوكێ گوزەر دەكەن، ئاسودە كردنی ویژدان لووتكەی كوردبوون و گیانی وەرزشی و مرۆڤایەتییە.



PM:10:39:31/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌