تیماری دەردی هەولێر لای دکتۆرە!



ئاراس رواندزی -

ئاشکرایە دۆخی یانەی هەولێر رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێ، لە ئێستادا ژینگەو ناوماڵی تیپەکە ئەوەندە گرژو ئاڵۆزە، کەس پێشبینی و ئومێدی باشبوون و تێپەڕاندنی ئەو کەشە پڕ کێشەیە ناکات، دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک لەبەر چاوی میدیاکان و هەزاران جەماوەر لە vvip شەڕی دەستەو یەخەی یەکتر بکەن!!! 

کەچەر حەسەن، حەسەن کەچەر 

دوای دۆڕانی زەرد پۆشەکان بەرامبەر بە مینای بەسڕە، هاندەرانی هەولێر هاواریان لێهەڵساو لەبەردەم بارەگای یانە گردبوونەوەو داوای دەستلەکار کێشانەوەی دەستەی کاتیان کرد، زۆری نەخایاند پارێزگاری هەولێر ئەو دەستەیەی هەڵوەشاندەوەو دەستەیەکی دیکەی کاتی راگەیاند. راستی ئەو بڕیارە لای من وەک ئەوەیە بڵێی حەسەن کەچەر یان کەچەر حەسەن! چونکە کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن بە لادان و دانانی چەند کەسێک چارەسەر بکرێن!

با حزبایەتی وەلا بنێین 

دەمەوێ راشکاوانە گلەیی لەو حزبە بکەم کە خۆی وەک پشتیوانیکەری یانەکەی پایتەخت وێنا دەکات، بە بڕوای من ئەوان پشکی شێریان لە چارەسەر نەکردنی ئەو گرفتانە بەر دەکەوێ، چونکە دەستەی پێشوو دەستەی ئێستاو بگرە دەستەی داهاتووش بە تەواوی کارەکتەرەکانەوە ئەوان دایدەنێن، بۆیە بەشێکی زۆری تاوانی کۆنتڕۆڵنەکردنی ئەو دۆخە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. دیارە من بە هەموو شێوەیەک دژی دەستێوەردانی حزبیم، بەڵام لۆژیک پێمان دەڵێ تا ئێستاش لە کوردستان یانەکان لە ژێر ڕکێف و فەرمانی حزبەکاندان و ناتوانن لە قسەو بڕیاریان دەرچن، بۆیە داوا لە پارێزگاری هەولێرو بەرپرسانی دیکەی سێبەر دەکەم کە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا بکرێ، رێگە بدەن کەسانی ئەکادیمی و وەرزشکاری لێهاتوو بێنە پێشەوە، واز لەوە بێنن فلان چ ڕەنگ و چ ئایدیایەکە، پێویستە هیچ بەربەست و پێشمەرجێکی حزبیانە دانەنێن، چونکە یانەی هەولێر موڵکی هەموو خەڵکی پایتەختە بە هەموو رەنگ و دیدە جیاوازەکان، کەسانێکی زۆر بە تواناو دڵسۆز حەز بە خزمەتی یانەکە دەکەن، لێ دەرگایان لێداخراوەو بەربەستی جۆراو جۆریان بۆ دروست دەکرێت، بۆیە پێویستە دادپەروەرییەکی بێ فێڵ و ژینگەیەکی تەندروست بڕەخسێنرێ، تاکو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێتە ئەنجامدان. 

لێدوانەکەی بابۆ شۆکی کردم!

دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر مینا سەمیر بابۆی راهێنەری هەولێر گووتی لەنێو یانەکە کەسانێک هەن حەز بە دۆڕانی تیپەکە دەکەن! راستی ئەو لێدوانە زۆر قورسەو شیکردنەوەو لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، من نامەوێ لێرە شەن و کەوی بکەم، بەڵام ئەو قسەیە لە یانەیەکی رێکخراوو دوور لە باڵ باڵێن بوایە، دەستبەجێ لیژنە پێکدەهات و لە ڕاستی و دروستی ئەو قسەیە دەکۆڵرایەوە، خۆ گەر ئەو قسەیەی بابۆی راهێنەر سەلمێندرا، ئەوە دەبێتە گەورەترین شەرمەزاری لە مێژووی یانەکە! بۆیە پێویستە لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە ئەو کەسانە بۆ جەماوەر ئاشکرا بکرێن و بە تووندیش سزا بدرێن، تاکو ببنە پەند بۆ ئەوانەی لە داهاتوو دەبنە ئەندام یان بەشێک لە یانەکە. 

کێ دەتوانێ ببێتە فریادرەس 

لە ڕاستیدا یانەکەی پایتەخت گیرۆدەی کۆمەڵێ کێشەیە کە رەگ و ریشەیان بۆ چەند ساڵی پێشوو دەگەڕێتەوە، لێ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دۆخی راگوزەری یانەکە وایکرد گرفتەکان کە رۆژانێک پینەو پەڕۆ کرابوون، لە ئان و ساتێکدا وەک بۆمب بتەقنەوە! 

پێموایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەشێکی زۆری کارەکتەرەکانی حزب تاقیکرانەوە کە بەشێکیان وەک فریادرەس وێنا دەکران، بەڵام مەخابن کەس نەیتوانی باری لێژی یانەکە راستبکاتەوە، بگرە رۆژ دوای رۆژ دۆخەکە خراپترو ناو ماڵی یانەکەش پەرتەوازەتر، بۆیە من لێرەوە پێشنیاری گەڕانەوەی دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی پێشووی یانەکە دەکەم، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەو سەر لە نوێ بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریەتەکەی قەڵاو منارە، زۆر گرنگە کەسایەتیەکی بەهێزو کارێزما ڕابەرایەتی یانەکە بکات، بەهۆی تاقیکردنەوەو ئەزموونی پێشووشی دەتوانین بڵێین ئەو خاسیەتانە لە پیاوە دزەییەکە بوونی هەیە. 

لێرەدا پێویستە جەماوەر کە خاوەنی راستەقینەی یانەکەن، بڕیار بدەن کێ هەڵدەبژێرن و ممتمانە بە کامە بەربژێر دەبەخشن بۆ ئەوەی یانەکە بەرەو کەناری ئارامی ببات.
 
وتارەکان تەنها بیروبۆچوونی خاوەنێتی




PM:08:11:09/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌