ئاراس رواندزی -
لە ئێستادا دێربیەکانی کوردستان هاوشێوەی جەنگێکی راستەقینە مەترسیدارن، دیمەنەکانی ئەوەندە ناخهەژێنن، ئەستەمە فیلمەکانی ئەکشنیش بتوانن بەو شێوەیە نواندنی بۆ بکەن!
رووداوەکانی یارییەکەی نەورۆزو زاخۆ کە زیاتر مەبەستی نووسینەکەمە، زۆر بێزارو بێهیوایی کردم، چونکە شەڕی هاندەرانی یانە کوردستانیەکان لە حاڵەتێکی دەگمەنەوە بۆتە دیاردەیەکی ترسناک و قێزەون، بە ئەندازەیەک گەر رێگری لە تەشەنەسەندنی نەکرێ، دەرهاویشتەکانی سنووری وەرزش تێپەڕ دەکات، بە شێوەیەک ئایندەی ئاسایش و ئارامی و یەکڕیزی کوردستانیش دەخاتە دۆخێکی مەترسیدار!
دیارە بەر لە هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم بپرسم بۆچی لەو یارییە گرنگ و هەستیارەدا پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان لە یاریگادا بوونی نەبوو؟! باشە ئەوە کەی لۆژیکە تۆ بێ بوونی پۆلیس و ئامرازەکانی پاراستنی گیانی ئامادەبووان، پازدە هەزار کەس لە شوێنێک کۆبکەیتەوە کە لە نێویدا دوو لایەنی رکابەری تێدایە؟!
چەندین ساڵە هاوار دەکەم و دەنووسم تکایە با لە یاری یانە کوردستانیەکان هاندەری هیچ یانەیەک نەچێتە یاریگای بەرامبەرەکەی، چونکە دەزانم شەرمەزاری بەدواوەیە، فەرموون ئەمجارەش لەبەردەم چاوی هەموو جیهان و ئەو ئەمریکیانەی لە یارییەکەدا میوان بوون، ئارەقەی شەرمەزاریمان رشت و عەرەبی عیراقیش بە دڵی خۆیان توانجیان لێداین و گاڵتەیان پێکردین، جگە لەوە داوای سزای تووندیش دەکەن!
ئاخر بەس بزانم ئەو شارچێتی و ڕق و دژایەتیەی نێوانمان لە پای چی؟ ئەی پێش یاری ناڵێن ئێمە کوردین و برای یەکترین؟! تو ویژدانتان برایەتی ئەوهایە؟! باشە بۆچی لە پڕێکدا دروشمەکان لە برایەتیەوە بۆ گووتنەوەی کۆیلە کۆیلە دەگۆرێن؟! نازانم بۆ لە هیچ و خۆڕا ئاو دەکەنە ئاشی دوژمنان؟ ئەرێ بەڕاست کورسیەکان چ تاوانێکیان هەیە هەڵیان دەتەکێنن؟ بیرتان چوو یاریگاکان و جەماوەری یانە کوردستانیەکان ببوونە ترێندو هەموو میدیای عیراقی و عەرەبی سەرسام کرد بوو؟! لەبەرچی ئێستا ئەو تابلۆ جوانە دەشێوێنن؟!
نایشارمەوە ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری و گیانی وەرزشی بەشێک لە هەوادارانی یانەکان لاوازە، کەمینەیەک هۆکارن بۆ تێکدانی کەش و هەوای یارییەکان و دروستبوونی گرژی کە دواتر پەل بۆ شەڕو ئاژاوەگێڕی دەکێشێ، بۆیە من بۆ جاری دەیەم داوا لە بەرپرسانی یانەکان دەکەم کە لەو یارییانەی کە دوو تیپی کوردستانی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، رێگە نەدەن هاندەرانی تیپی میوان بچنە یاریگا.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، باشە گرژییەکان تاکەی؟! ئایا هیچ میکانیزمێک بۆ چارەسەری نیە؟! بێگومان فاکتەر گەلێک هەن دەتوانرێ وەک چەکێکی کاریگەر رۆڵیان لە کەمکردنەوەی ئەو دیاردە ناوەرزشی و ناشارستانیە هەبێ، سەرەتا گرنگە لە ڕێگەی میدیاو دەستەکانی هاندەران و ئامرازەکانی دیکە هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری تاک بدرێت، دواتر لە رێگەی دانانی دەیان کامێرای چاودێری بە چوار دەووری یاریگا، دەتوانرێ سەیری هەموو جوڵەیەکی هاندەران بکرێ، بەو شێوەیە هەر کەسێک کاری تێکدەرانەی ئەنجامدا، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی رووبەڕووی یاسای بکەنەوە، دڵنیام بە لێپێچینەوەو سزادانی چەند کەسێک، بەڕێژەیەکی زۆر ئاژاوەگێڕی کەمدەبێتەوە.
وتارەکان تەنها بیروبۆچوونی خاوەنێتی